مەسرور بارزانی پێشوازیی لە ئاگربەستی غەززە دەکات

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئاگربەستی غەززە دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند: پێشوازی لە ئاگربەستی غەززە دەکەین، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
هەروەها، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، هیواخوازین ئەم ڕێککەوتنە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "زۆر بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم، ئیسرائیل و حەماس هەردووکیان لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیمان ڕازی بوون."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە مانای ئەوەیە کە هەموو بارمتەکان بە زووترین کات ئازاد دەکرێن."
ترەمپ ڕوونیشیکردەوە، وەک هەنگاوی یەکەم، "ئیسرائیل هێزەکانی دەکشێنێتەوە بۆ هێڵێکی دیاریکراو." گوتیشی: "ئەمە ڕۆژێکی گەورەیە بۆ جیهانی عەرەبی و موسڵمان، بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەمەریکا. سوپاسی ناوبژیوانانی قەتەر و میسر و تورکیا دەکەین."