پیاوانی ئەسەد بە ملیۆنان دۆلار هەوڵی هەڵگیرساندنی شۆڕش لە کەناراوەکانی سووریا دەدەن

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە ئەمڕۆ 5ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاو کراوەتەوە، دەرکەوتووە ژمارەیەک لە کاربەدەستە باڵاکانی پێشووی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان بۆ مۆسکۆ هەڵاتوون،دەستیان کردووە بە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان بە ئامانجی هەڵگیرسانی شۆڕش دژی حکوومەتی نوێی سووریا و گەڕاندنەوەی ئەو دەسەڵاتەی لەدەستیان داوە.

 لە نێو ئەو کەسایەتییانەدا هەریەک لە لیوا کەمال حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگری و ڕامی مەخلووف ملیاردێر و ئامۆزای ئەسەد کێبڕکێی یەکتر دەکەن بۆ دروستکردنی میلیشیا لە کەناراوەکانی سووریا و لوبنان، بەتایبەتی لە ڕیزەکانی پێکهاتەی عەلەوی کە مێژوویەکی دوورودرێژیان لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد هەیە.

 بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم دوو جەمسەرە و لایەنەکانی دیکە خەرجیی زیاتر لە 50000 چەکدار دابین دەکەن بە ئومێدی بەدەستهێنانی دڵسۆزییان،  هاوکات ململانێ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆڕێکی نهێنی کە لە 14 ژووری ئۆپەراسیۆنی ژێرزەمینی پێکهاتووە و لە دوا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بە چەک و تەقەمەنی پڕ کراون.

 سەرچاوە نزیکەکان باس لەوە دەکەن، ئەگەرچی بەشار ئەسەد کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە لە ڕووسیا دەژی، تا ڕادەیەکی زۆر بەو دۆخە ڕازی بووە، بەڵام بازنەی دەوروبەری بەتایبەت براکەی هێشتا خەونی گەڕانەوە دەبینن، لە بەرانبەردا حکوومەتی نوێی سووریا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانانە، کەسایەتییەکی نزیکی خۆی ڕاسپاردووە کە هاوڕێی منداڵیی سەرۆکی نوێیە تا ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment