فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی کاپریی هۆلیوود لە ئیتاڵیا کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات
فیلمی "مردن لەنێوان ژیاندا" کە دەرهێنانی ڕێکار بەرزانە، لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی کاپریی هۆلیوود لە ئیتاڵیا بەشدارە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.
ئەمڕۆ هەینی، 5ی تشرینی یەکەمی 2025، دەرهێنەری فیلمەکە ڕێکار بەرزان، دەربارەی بەشداریکردنی فیلمەکەی لەو فێستیڤاڵە بۆ کوردستان24 گوتی: هەڵبژاردنی فیلمی "مردن لە نێوان ژیاندا" بۆ پرۆگرامی فەرمیی فێستیڤاڵەکە، توانای هونەریی فیلمەکە و دیمەنی سینەمایی تایبەتی دەرهێنەرەکەی ڕوون دەکاتەوە.
گوتیشی: فێستیڤاڵی کاپری هۆلیوود بە پێشەنگی لە ناساندنی کاری نێودەوڵەتیی دیار و هەروەها بوون بە وێستگەیەکی گرنگ لە گەیشتن بە وەرزی خەڵاتەکان، دەرفەتێکی نایاب بۆ دەرهێنەرانی سینەمایی سەربەخۆ دابین دەکات.
ڕێکار بەرزان دەڵێت: من خاوەنی چوار کورتە فیلمم لەبواری نووسین و دەرهێناندا، هەروەها هەر یەکێک لە فیلمەکان بەشداربوون لە چەندین فێستیڤاڵ و چالاکیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەمیشەش بەردەوام دەبم لەکاری هونەری و هیوادارم فیلمەکانم بەشداری لەزۆربەی فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بکات.
هەروەها باسی لە چیرۆکی فیلمی "مردن لەنێوان ژیاندا" کرد و گوتی: فیلمەکە باس لە چیرۆکی کوڕێک دەکات کە بارودۆخی ژیان و بەربەستەکانی ناچاری دەکەن بە ڕێگەی نایاسایی کۆچ هەڵبژێرێت؛ لێرەدا چاوەڕوانی هیچی تر ناکات جگە لە سێ دەرئەنجام، ئەوانیش ڕزگار بوون یان مردن یاخود گەڕانەوە، ئەمەش وا دەکات ڕێگەی ژیان و مردن تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بدۆزێتەوە.
فێستیڤاڵی کاپری هۆلیوود کە لە ساڵی 1995 دامەزراوە، بووەتە خاڵێکی یەکترناسی گرنگ لە نێوان سینەما و سینەماکارانی ئەورووپا و هۆلیوود، هەموو ساڵێک کۆمەڵێک دەرهێنەر، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر و ئەستێرەی نوێی هونەریی فیلم لە سەرتاسەری جیهانەوە کۆدەکاتەوە.
ئەنجامدانی سێیەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێککەوتی 26ی کانوونی یەکەمی 2025 تا دووی کانوونی دووەمی 2026 لە دوورگەی سەرنجڕاکێشی کاپریی ئیتاڵیا ڕێکدەخرێت.
