بانگەشەی هەڵبژاردن کاری ئاسنگەری و چاپخانەکانی زیادکردووە

لە زاخۆ بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن، کاری ئاسنگەری و چاپخانە و کرێکاران دوو بەرانبەر پێشی دەستپێکردنی بەرزبووەتەوە.
حەمید سلێمان، ئاسنگەرێکی شاری زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کارمان باشتر دەبێت، کاندیدەکان دێنە لامان بە مەبەستی ئامادەکردنی چوارچێوەی پۆستەرەکانیان و کاندید هەیە 200 تا 400 دانەی پێویست دەبێت بەپێی توانای خۆی.
حەمید سلێمانیش کە ئاسنگەرێکی دیکەی زاخۆیە گوتی: بەر لە ئێستا تا شەشی ئێوارە کارمان دەکرد، بەڵام ئێستا تا 12ـی شەو و جاری وا هەیە تا کاتژمێر دووی بەرەبەیان بەردەوام دەبین لە کارکردن و کێشەی ماندووبوونمان نییە، گرنگ ئەوەیە کارمان هەبێت.
گەنجان بەبێ هەستکردن بە ماندووبوون شەو و ڕۆژ کاردەکەن و ئامادەکردنی پۆستەر بووەتە سەرچاوەیەکی باشی دارایی بۆیان.
لەگەڵ ئامادەبوونی هەر پۆستەرێک، وێنەکان لەو شوێنانە دادەندرێن کە لەلایەن پارێزگاوە دیاریکراون.
کۆڤان عوسمان، هاووڵاتییەکی زاخۆیە و گوتی، ئێمە بە گوێرەی ڕێنماییەکانی شارەوانی و قایمقامییەت شوێنی دانانی پۆستەرەکان دیاری دەکەین و ئەوان دەستنیشانی ئەوەیان کردووە کە چ شوێنێک قەدەغەیە و چ شوێنێک ڕێگەپێدراوە.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و بانگەشەی هەڵبژاردن تا 8ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.