پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، سبەی شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، 10ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ حەوت پلە دابەزیون، لە سبەی شەممەوە زیاتر دادەبەزن، ئەمەش بەهۆی هاتنی بایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاست.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە شەوی یەکشەممەوە، لە سنووری پارێزگای دهۆک و باڵەکایەتی نمە باران دەبارێت و تاوەکوو کاتژمێرێک زیاتر بەردەوامی دەبێت، هاوکات بە شەوانیش کەش بەرەو ساردی دەڕوات.
ئەو کەشناسە باسی لەوە کرد، بەرزترین پلەکانی گەرما، لە ڕۆژدا لە گەرمیان 26 دەبێت و لە حاجی ئۆمەران 14 پلە دەبێت.
هاوکات، ئەمڕۆ هەینی، 10ی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، سبەی شەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.