ویتکۆف وادەی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ڕادەگەیەنێت

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کرد، وادەی 72 کاتژمێری بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستی پێکردووە. هاوکات پشتڕاستی کردەوە، کە سوپای ئیسرائیل بە پشتبەستن بە پلانەکەی ترەمپ، وەک قۆناغی یەکەم، دەستی بە کشانەوە لە کەرتی غەززە کردووە.

هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: سوپای ئیسرائیل، بە پشت بەستن بە پلانەکەی ترەمپ، وەک قۆناغی یەکەم، دەستی بە کشانەوە لە کەرتی غەززە کردووە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا وادەی 72 کاتژمێری بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستی پێکردەوە.

هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، کە ئاگربەستەکە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، هەروەها سوپای ئیسرائیل بە پێی ڕێککەوتنەکە دەستی بە کشانەوە لە کەرتی غەززە کردووە.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ترەمپ بگاتە ئیسرائیل، سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل.

 

ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل

دوێنێ پێنجشەممە ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ کرا، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا ڕۆژانە ڕێگە بە گەیشتنی 600 بارهەڵگری هاوکارییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە دەدەرێت.

بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، لە بەرانبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، حکوومەتی ئیسرائیل 250 فەڵەستینی کە سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەر سەپێندراوە لەگەڵ  1700 کەسی دیکەی دانیشووی کەرتت غەززە، کە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیراون ئازاد دەکرێن.

ئەم ڕێککەوتنە، ڕۆژێک دوای دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 هات کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی هەڵمەتە وێرانکەرەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

بەرپرسانی غەززە دەڵێن: "لەم شەڕەدا 67 هەزار فەڵەستینی کوژراون و ناوچەیەکی بەرفراوانی کەرتی غەززە وێران بووە."

بە قسەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، نزیکەی هەزار 200 ئیسرائیلی لە هێرشەکەدا کوژراون و 251 ئیسرائیلیش بە بارمتە گیراون.

 
Fly Erbil Advertisment