پارێزگارانی هەولێر و شرناخ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان کۆبوونەوە
ساڵانە بە بەهای 17 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ کوردستان هەیە

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی باڵای شرناخ بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری شرناخ کرد. دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، هەردوولا تیشکیان خستە سەر پلانەکانیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکەمان بە ئامانجی برەودان بە پەیوەندییە بازرگانی، کولتووری، ئەدەبی و زانستییەکانمانە، بەتایبەتی لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا. هەردوولامان پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێوانمان بەرز نرخاند."
ئومێد خۆشناو جەختی لەسەر گرنگیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردەوە و گوتی: "پرۆسەی ئاشتی یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان. هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا و لە ڕێگەی جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، کە هەمیشە جەختی کردووەتەوە بەشێکی گرنگ و پشتیوان بووە لەم پرۆسەیە، ئەمەش یەکێک بوو لە تەوەرەکانی گفتوگۆمان."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەمجارە پارێزگاری شرناخ سەردانی هەولێری پایتەخت دەکات و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و ئەنجامدانی سەردانی هاوشێوە بۆ شرناخ لە داهاتوودا.
لای خۆیەوە، بیرۆڵ ئێکیجی، پارێزگاری شرناخ سوپاسی بانگهێشتنامەکەی پارێزگاری هەولێری کرد و گوتی: "سڵاوی هاووڵاتییانی شرناختان پێدەگەیەنم و پیرۆزبایی لە پارێزگای هەولێر دەکەم بۆ ئەو پێشکەوتن و سەوزاییەی شاری هەولێر بەخۆیەوە بینیویەتی. شاری شرناخیش یەکێکە لەو شارانەی کە بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت."
بیرۆڵ ئێکیجی، تیشکی خستە سەر گرنگیی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل (پێشخابوور) و ڕایگەیاند: "ئەم دەروازەیە کە دەکەوێتە نزیک شارەکەمان، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە نێودەوڵەتییەکان کە ساڵانە بە بەهای 17 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدا دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە کە ئەم ڕێژەیە بۆ 30 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە."
هەروەها ئاشکرای کرد، "ڕۆژانە نزیکەی چوار هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و زیاتر لە 10هەزار هاووڵاتی لەم دەروازەیەوە هاتوچۆ دەکەن."
بڕیارە پارێزگاری شرناخ لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.