پەرلەمانی ڕووسیا: ڕادەستکردنەوەی ئەسەد بە سووریا مەحاڵە

بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا
بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا

دیمیتری نۆڤیکۆڤ جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەوڵەت لە پەرلەمانی ڕووسی (دوما)، ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا بە دەسەڵاتی نوێ دیمەشق نامۆ و مەحاڵە، ئەگەر مۆسکۆ بە داواکەی ئەحمەد شەرع ڕازی ببێت، ئەمە دەبێتە ڕێگایەک بۆ تۆڵەسەندنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆ، لە میانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، شەرع داوای کردووە سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی کە ساڵی ڕابردوو دوای ڕوداوەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریا لە لایەن ڕووسیاوە داڵدەدراوە، ڕادەستی دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکەی بکرێتەوە.

لەمبارەیەوە، دیمیتری نۆڤیکۆڤ جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەوڵەت لە ئەنجوومەنی دوما، بە ئاژانسی هەواڵی لینتای ڕاگەیاندووە، بابەتی ڕادەستکردنەوەی ئەسەد بە حکوومەتی ئێستای سووریا شتێکی مەحاڵە، ئاماژەی بەوە کردوە، ئەسەد پێشتر سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە بووە، گەڕاندنەوەی لە ئێستادا کارێکی باش نییە، چونکە دەبێت بە بابەتێکی تۆڵەسەندنەوە. 

لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی ڕووسیا ڕایگەیاند، پێشتر چەندین کەسایەتی دیکە لە وڵاتانی جیاواز لە لایەن حکوومەتی ڕووسیاوە داڵدەدراون، بۆ نموونە ڤیکتۆر یانۆکۆفیتش سەرۆکی پێشووتری ئۆکرانیا.

هەروەها ڕوونیکردوەتەوە، ئەگەر ڕووسیا ئەو داواکارییەی سووریا پەسند بکات ئەوا سەرپێچی مافەکانی مرۆڤی کردوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە حکوومەتی ڕووسیا ئەم کارە بەرانبەر بەو کەسانە بکات کە لە ناو خاکی ڕووسیادا دەمێننەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment