تاقیکردنەوەیەکی نوێی خوێن توانای دۆزینەوەی زیاتر لە 50 جۆر شێرپەنجەی هەیە

لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی گرنگدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کەنەدا کە بەناوی (تاقیکردنەوەی خوێنی گالێری) ناسراوە و لەسەر زیاتر لە 23 هەزار کەس تاقیکرایەوە، ئاشکرا کرا، ئەم تاقیکردنەوەیە توانای هەیە زیاتر لە 50 جۆر شێرپەنجە بدۆزێتەوە، تەنانەت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا و پێش دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک لەسەر کەسی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سکای نیوز)ـی بەریتانی، تاقیکردنەوەکە لەسەر شیکردنەوەی DNAـی کەسەکان دەمێنێتەوە، کە لە خانە شێرپەنجەییەکانی ناو خوێنەوە دەردەچێت، ئەمەش کار بۆ دەستنیشانکردنی گرێکان پێش گەشەکردنیان و گەیشتنیان بە قۆناغە پێشکەوتووەکان دەکات.
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەریدەخەن کە ڕێژهی 61.6%ی ئەو بەشداربووانەی نیشانەی شێرپەنجەیان لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکەدا تێدا دەرکەوتبوو، بەڕاستی تووشی نەخۆشییەکە بوون. تاقیکردنەوەکە ئاشکراشی کردووە لە کۆی ئەو خەڵکەی وەک نموونەی توێژینەوەکە وەرگیراوە، ئەوانەی نیشانەکانی شێرپەنجەیان تێدا دەرنەکەوتووە گەیشتووەتە 99.6%، و بە ڕێژەی 92%ـیش توانیویەتی شوێنی سەرچاوەی شێرپەنجەکە لە ئەندام یان شانەکانی جهستهدا دیاریی بکات.
کۆمپانیای گرایل کە ئەم تاقیکردنەوەیەی كردووه، ڕایگەیاندووە، ئەم ئەنجامانەی لەم توێژینەوەیە دەرکەوتوون، حەوت هێندە باشترن لە کۆی ئەو ئەنجامانەی لە پشکنینی ئاسایی دەردەکەون و پێشبینی دەکرێن بۆ نەخۆشی شێرپەنجە و ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە گۆڕانکارییەکی گەورە لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەدا دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە توێژەران هۆشدارییان داوە، تاقیکردنەوەکە لەوانەیە لە نزیکەی نیوەی حاڵەتەکاندا ئەنجامی ئەرێنی و هەڵە بدات، واتە نیشانی بدات کە شێرپەنجە هەیە لە کاتێکدا نەبێت، بۆیە جەختیان لەسەر گرنگی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر کردووەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی تەواو و ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردندا.
چاوەڕێ دەکرێت ساڵی داهاتوو ئەزموونی "NHS Galleri" لە بەریتانیا، سەبارەت بە کاریگەریی تاقیکردنەوەکە بۆ پشکنینی کەسانی بێنیشانەی تووشبووی شێرپهنجه، ئەنجام بدرێت.