هاووڵاتییانی دیوانییە: شارەکەمان وەک غەزەی لێهاتووە

لە نەبوونی خزمەتگوزاری بێهیوا بوون

نیگەرانی و تووڕەیی دانیشتووانی پارێزگای دیوانییە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە گەیشتووەتە لووتکە و هاووڵاتییان دەڵێن، سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام کەرتی خزمەتگوزاری  هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.

دەنگی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان:

یەکێک لە هاووڵاتییان بەناوی حەسەن محەممەد بە تووڕەییەوە بە کوردستان24ـ دەڵێت: "دیوانییە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە، سوێند بە خودا هیچی بۆ نەکراوە. ئەگەر لە منداڵێکی بچووکیش بپرسیت، دەڵێت ئەم شارە وێران بووە. هیچ خزمەتگوزاریەکمان نییە و وەک گۆڕستانی وادی سەلامی لێهاتووە."

عەلا زوبێر، هاووڵاتییەکی دیکەیە و شارەکەی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات و دەڵێت: "خزمەتگوزاری لەم شارەدا سفرە. بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، دیوانییە لە هەموویان وێرانترە. بە چاوی خۆت دەیبینیت یەک خزمەتگوزاری نییە، سەیری شەقام و زبڵدانەکان بکە، نە شەقاممان هەیە و نە ئاوەڕۆ."

هاوکات حسێن شاکر، باس لەوە دەکات خراپیی ڕێگاوبانەکان ژیانی ڕۆژانەیانی سەخت کردووە و دەڵێت: "کە دەمەوێت بچم بۆ لای پزیشک، گیانم دەردەچێت تا لە ماڵەوە دەگەمە دەرەوە. وا باشترە دەستکاریی شەقامەکان نەکەن و وەک خۆی بمێنێتەوە."

عەلی کازم، بە تەنزەوە دۆخی شارەکەی بە غەززە بەراورد دەکات و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە ئێرە فەڵەستین و کەرتی غەززەیە و بگرە لە خەڵکی غەزەش خراپترین. ئەوان بیانوویان هەیە کە شارەکەیان وایە، چونکە داگیر کراوە، بەڵام بیانووی ئێمە چییە؟ بیانووی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار چییە کە شارەکە ئاوایە؟"

لە کۆتاییدا، محسن نەعیم، ڕووی دەمی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت: "سودانی، بۆچی شارەکەمان ئاوایە؟ واز لە سەردانەکانت لەنێو بەغدا بهێنە، لەوێ چەپڵەت بۆ لێدەدەن و دڵت خۆش دەکەن. وەرە بۆ دیوانییە و بزانە چی بەسەر هاتووە. کەمێک شەرم لە خۆت بکەرەوە."

 
 
Fly Erbil Advertisment