حووسییەکان کارمەندە دەستگیرکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئازاد کرد

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەر 20 کارمەندەکانیان کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنهوه دەستگیر کرابوون، ئازاد کراون.
دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هەر ئەو 15 کارمەندە نێودەوڵەتییەی کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەن دەستگیر کرابوون، ئێستا ئازاد کراون.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو پێنج کارمەندە ناوخۆیییهی دیکەش کە لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە لەناو هەمان بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کراون.
دوێنێ یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، جین عەلەم، گوتەبێژی ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندبوو، حووسییەکانی یەمەن لە حەدده لە باشووری ڕۆژئاوای سەنعا هێرشێکی لەناکاوییان کردووەتەوە سەر بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ئەنجامدا پێنج کارمەندی ناوخۆیی و 15 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیر کراون.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس باسی لەوەش کردبوو، تاوەکوو ئێستا حووسییەکان دەیان کەسییان دەستگیر کردووە لە نێوانیاندا زیاتر لە 50 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. هاوکات ئەم ساڵ کارمەندێکی ئەو ڕێکخراوەکە لە کاتی دەستگیرکردندا، گیانی لە دەستدا بوو.
پێشتر حووسییەکان چەندین جار ئەو کارمەندە نێودەوڵەتییانەی بە سیخوور ناو بردووه؛ لای خۆشییەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حووسییەکان هەشت کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پارێزگای سەعدە لە باکووری یەمەن دەستگیر کردبوو. ئەم هێرشە بەردەوامانەی وای کردووە ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی کارەکانی ڕابگرێت و بارەگاکەی بۆ عەدەن بگوازێتەوە.