لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، تووشبووانی تالاسیمیا بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئۆکتۆەری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی سێیەمی تووشبووانی تالاسیمیا بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەم کاروانە لە 48 هاووڵاتی پێکهاتبوو، کە بریتی بوون لە نەخۆش، بەخشەر و هاوەڵەکانیان. پڕۆسەکە دوای ئەنجامدانی سەرجەم پشکنینە پزیشکییەکان و ڕێکارە زانستییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بەڕێوەچوو.

دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی ئەم پڕۆسەیە لە ئەستۆ دەگرێت، گەشت، مانەوە، پشکنینەکان، نەشتەرگەری و چارەسەرییەکانی دوای نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەتر کە حکوومەت بودجەیەکی نزیک بە 11 ملیار دیناری بۆ تەرخان کردووە، بە مەبەستی ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا بۆ نەخۆشخانە خاوەن بڕوانامە نێودەوڵەتییەکانی (JCI). ئەم پڕۆژەیە ئەو نەخۆشانەش دەگرێتەوە کە بەخشەریان هەیە یان نیانە.

لای خۆیەوە، وەزیری تەندروستیی پەیامی پەرۆشی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی بە نەخۆشەکان و خانەوادەکانیان گەیاند و سوپاسی ئەم دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانەیەی کرد. هیوای شیفای بەپەلە و گەڕانەوەی سەلامەتی بۆ خواستن.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد،  ئێستا 120 هاووڵاتی لە دەرەوەی وڵات لەژێر چارەسەردان، و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتووشدا کاروانی چوارەم، کە 60 نەخۆش و هاوەڵەکانیان لەخۆدەگرێت، بەڕێبکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment