ترەمپ: نامەوێت کۆبوونەوەکەم لەگەڵ پوتن کات بەفیڕۆدان بێت

چارەنووسی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتن بەهۆی ڕەتکردنەوەی مۆسکۆ بۆ ئاگربەست لە ئۆکرانیا، کەوتووەتە مەترسییەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند نایەوێت کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، "کات بەفیڕۆدان" بێت و پێویستە ئەنجامێکی کۆنکرێتی هەبێت. ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە نەداوە کە بڕیاربوو لە بوداپێست بەڕێوەبچێت و گوتی: "نامەوێت کاتم بەفیڕۆ بدەم، بۆیە دەبێت ببینم چی ڕوودەدات."

هاوکات، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردەوە کۆشکی سپی ئامادەکارییەکانی بۆ دووەم کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتن ڕاگرتووە. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپیش دووپاتی کردەوە: "هیچ پلانێک نییە سەرۆک ترەمپ لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆک پوتن کۆببێتەوە."

هۆکاری سەرەکیی ئەم ساردبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. دیپلۆماتکاران ئاشکرایان کردووە ڕەتکردنەوەی مۆسکۆ بۆ قبوڵکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ، چارەنووسی کۆبوونەوەکەی خستووەتە مەترسییەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا دواخرا.

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ هێشتا هیواخوازە و دەڵێت: "هێشتا دەرفەتێک بۆ ئاگربەست لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا دەبینم." ئەمە لە کاتێکدایە سەرکردەکانی ئەورووپا فشار لە واشنتن دەکەن سوور بێت لەسەر داوای ئاگربەستی دەستبەجێ، بەڵام مۆسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە پێش هەر ئاگربەستێک، پێویستە ئۆکرانیا ڕازی بێت بە دەستبەرداربوون لە خاکی زیاتر.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment