لە ئەرجەنتین هێلکەیەکی 70 ملیۆن ساڵەی دایناسۆر دۆزرایەوە
تیمێکی توێژینەوە لە ناوچەی ڕیۆ نیگرۆ لە پاتاگۆنیای ئەرجەنتین، هێلکەیەکی دایناسۆریان دۆزیوەتەوە کە بە شێوەیەکی تەواو پارێزراوە و تەمەنی بە نزیکەی 70 ملیۆن ساڵ مەزەندە دەکرێت.
هێلکەکە، کە لە قەبارەدا لە هێلکەی هێستر دەچێت، وا بڕوا دەکرێت هی دایناسۆرێکی گۆشتخۆری بچووک بێت لە جۆری "بۆناپارتینکوس" (Bonapartichnus) کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی کریتاسی (Cretaceous) ژیاوە.
تیمی لێکۆڵینەوە پێیان وایە هێلکەکە پاشماوەی کۆرپەلەیەکی بەردبووی تێدایە و لە ئێستادا خەریکی ئەنجامدانی پشکنینی وێنەگرتنی پێشکەوتوون بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی ماددەی بایۆلۆجی لەناویدا.
گۆنزالۆ مونۆز، لە مۆزەخانەی زانستە سروشتییەکانی بێرناردۆ ڕیڤاداڤیا، بە ناشناڵ جیۆگرافیکی ڕاگەیاندووە: "دۆزینەوەی بەردبووی دایناسۆر شتێکی نامۆ نییە، بەڵام دۆزینەوەی هێلکەیەک لەم دۆخە تەواوەدا شتێکی بێهاوتایە."
مونۆز، ڕوونیکردەوە هێلکەی دایناسۆرە گۆشتخۆرەکان زۆر دەگمەنن، چونکە توێکڵیان ناسکە و هاوشێوەی هێلکەی باڵندەکانی ئەمڕۆیە، ئەمەش وایکردووە بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ زیاتر بەرگەی لەناوچوون نەگرن.
هەروەها گوتیشی: هێلکەکە دەگوازرێتەوە بۆ مۆزەخانەی زانستە سروشتییەکانی ئەرجەنتین بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی وردتر، چاوەڕوان دەکرێت زانیاریی نوێ لەبارەی پەرەسەندنی دایناسۆرەکان و شێوازی هێلکەدانانیان ئاشکرا بکات.
لە هەمان شوێندا، ددانی شیردەرەکان و کڕکڕاگەی کۆن دۆزراونەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناوچەکە شوێنێکی هێلانەکردنی دێرینی پێش مێژوو بووە.
تیمی توێژینەوەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە ئینستاگرام بڵاویان کردووەتەوە، نووسیویانە: "ڕەنگە ئەمە یەکەم دۆزینەوەی لەم جۆرە بێت لە ئەمەریکای باشوور. ئەم بەردبووە تەمەنی زیاتر لە 70 ملیۆن ساڵە و کۆمەڵێک هێلکەی تەواو لەگەڵیدا دۆزراونەتەوە."

