پارتی داد و گەشەپێدان پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا دەکات

پارتی داد و گەشەپێدان پێشوازی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد بۆ کشانەوەی چەکدارەکانی لە تورکیاوە و ئاماژەی داوە، ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.

یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی، ڕایگەیاند: "بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ کشانەوە لە تورکیا و ڕاگەیاندنی هەنگاوی نوێ بەرەو پرۆسەی چەکدانان، دوو ئەنجامی گرنگن کە لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتیدا بەدەست هاتوون."

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری چیای قەندیل و بە بەشداریی 25 چەکدار بەڕێوەچووە؛ سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەنگاوێکی نوێی کردەیی پارتەکەی لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیاند.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایانگەیاند، لەسەر بنچینەی بەرنامە و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12 و بە دەستووری ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستمان کرد بە هەنگاوی کشانەوەی ئەو هێزانەمان لە تورکیا لەبەردەم ئەگەری مەترسی پێکداداندان و زەمینە لەبارن بۆ ڕوودانی ئەگەری نەخوازراو."

هەروەها کەجەکە داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات دەستبەجێ یاساکانی پەیوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی دەربکات و دەڵێت "زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمە پابەندین بە بڕیارەکانی کۆنگرەی 12-وە و بەبڕیاریشین لە جێبەجێکردنی دا؛ بەڵام بۆ جێبەجێکردنییان پێویستە دەستبەجێ ئەو هەنگاوە یاسایی و سیاسییانەی پرۆسەکە بنرێن کە مەرجی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە بوون. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە یاسای ڕاگوزەری تایبەت بە پەکەکە بە بنچینە وەربگیردرێت و بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتییانەش دەستبەجێ یاساکانی پەیوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی دەربکرێن."

هاوکات دەڤریم پالو, فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، ئەو کشانەوەیە بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتییە و داواش لە تورکیا دەکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە ئازاد بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment