پەرلەمانی عێراق، سوودانی بە کەمتەرخەم لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاودا تۆمەتبار دەکات
لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەکردنی محەممەد شیاع، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ قەیرانی ئاودا گرت و بە کەمتەرخەم وەسفی کرد. لیژنەکە جەختی کردەوە، بەغدا سەرجەم بەڵێنەکانی خۆی بۆ تورکیا بردووەتە سەر، بەڵام لە بەرامبەردا ئەنقەرە پشکی ئاوی عێراقی زیاد نەکردووە.
سائر موخیەف، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند: "حکوومەت کەمتەرخەمە لە پرسی ئاودا، سەرەڕای ئەوەی عێراق هەموو ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا جێبەجێ کردووە، لە کاراکردنی بۆریی جەیهانەوە تا پێدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان بە کۆمپانیا تورکییەکان، بەڵام ئەنقەرە هێشتا ئاو بە پێی پێویست بە ناداتەوە."
قەیرانی ئاو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ داناوە، بەتایبەتی لە پارێزگای میسان کە زیاتر لە 60%ی دانیشتووانەکەی پشتیان بە کشتوکاڵ بەستووە. مەجید سەعدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی میسان، هۆشداریدا پلانی کشتوکاڵی هاوینە بە تەواوی ڕاگیراوە و زیاتر لە 90%ی زۆنگاوەکان وشکیان کردووە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانی ناوچە زۆنگاوییەکان و فرۆشتنی گامێشەکانیان بە نرخێکی هەرزان، چونکە ئەم ئاژەڵانە ناتوانن لە ژینگەیەکی وشکدا بژین.
قەیرانەکە بە ڕوونی لە ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتدا دیارە. وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە ئاستی ئاو بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە، بەجۆرێک لە هەندێک ناوچەی بەغدا دوورگەی قوڕین دروست بوون و هاووڵاتیان دەتوانن بە پێ بپەڕنەوە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا یەدەگی ئاوی ستراتیژیی وڵاتەکە دەکەوێتە مەترسییەوە و پێشبینی دەکرێت بەنداوی مووسڵ تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم وشک بکات.
عێراق بە یەکێک لە پێنج وڵاتە هەرە زیانلێکەوتووەکانی جیهان دادەنرێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چوار وەرزی وشکەساڵی بووەتەوە، کە دوایینیان بە "توندترین وشکەساڵی لە ماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا" دادەنرێت.
