کرماشان؛ لە شەش مانگدا 300 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، دەڵێت: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 300 کەس لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستداوە.
دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەم 2025، بەهتاش خانیئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، بە ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ـی ڕاگەیاند "ژمارەی گیان لەدەستدانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لە پارێزگای کرماشان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووتە 300 کەس. ساڵی ڕابردوو لە هەمان ماوەدا، 294 کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ، گیانیان لەدەستدا."
خانیئاباد، گوتیشی: لەو ژمارەیە، 57 کەسیان لەناو شارەکاندا گیانیان لەدەستداوە و 243 کەسیش لە ڕووداوەکانی سەر ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکان گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان، هەروا گوتی: لە ڕووداوەکانی هاتوچۆی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حەوت هەزار و 217 کەس بریندار بوونە کە دوو هەزار و 482 کەسیان ئافرەت بوون و چوار هەزار و 735 کەسیشیان پیاو بوون. لە کاتێکدا ژمارەی برینداربووانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، شەش هەزار و 42 کەس بوون.
خانیئابادی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، خێرایی لە ڕادەبەدەر، خراپیی جۆری ئۆتۆمبیل و شەقامەکان، هۆی سەرەکی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانن.
