سەرۆکی حکوومەت سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات و بریارە بە فەرمی پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی شارەکە بکاتەوە.

لە کاتی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەرێوەچوونی کارەکانی دوو پڕۆژەی دیکە بە سەردەکاتەوە، کە بریتین لە دیزاینی نوێی گەلی عەلی بەگ و پڕۆژەی شەقامی 40 مەتری (قۆناغی یەکەم).

وردەکاریی ئەو پڕۆژەی سەرۆکی حکوومەت دەیکاتەوە:

ڕۆژی 28ی ئایاری 2024، لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە بەردی بناغەی بەرزە پردی سۆران دانرا، هاوکات لەگەڵ چەند پڕۆژەیەکی دیکەدا وەک بەشێک لە پلانی فراوانکردنی ژێرخانی ڕێگاوبان لە سنوورەکە.

لە گوتاری دانانی بەردی بناغەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەسەر پەرەپێدانی شارۆچکە و گوندەکان کردەوە، نەک تەنیا گرنگیدان بە سەنتەری پارێزگاکان.

پڕۆژەکە کە ساڵێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو کراوە و دەخرێتە خزمەتی ڕێبوارانی دەڤەرەکە؛ دەروازەی سۆران، ڕێگەکانی هەولێر، مێرگەسۆر، ڕواندز و چۆمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

دیزاین و تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە:

- ئەم بەرزەپردە، بەرزترینە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

- لە ڕێگەیەکی سەرەکیی دوو سایدی پێکهاتووە، بە درێژایی 2,905 مەتر.

- هەر ساییدێک لە 3 لاین پێکدێت.

- کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕووداوەکانی هاتوچۆ.

بودجە و ماوەی تەواوکردن:

- زیاتر لە 33 ملیار و 358 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.

- پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیا و دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە.

- 900 ڕۆژ بۆ تەواوکردنی دیاریکرابوو، بەڵام پێش وادەی خۆی کۆتایی هات.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment