دیاردەیەکی نوێ لە بەغدا هەڕەشە لە خێزان و یاسا دەکات

دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێ و جێی نیگەرانی لە بەغدای پایتەختدا بڵاودەبێتەوە، تێیدا هاوسەران لە دادگا بەفەرمی جیادەبنەوە، بەڵام لە ژیانی تایبەتیاندا وەک هاوسەر پێکەوە دەمێننەوە. ئامانجی سەرەکی لەم کارە، بە "جیابوونەوەی ڕووکەشانە" ناسراوە، بەدەستهێنانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییە بۆ ژنەکە، بێ ئەوەی بیر لە لێکەوتە یاسایی و کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکانی بکرێتەوە.

چاودێران هۆکاریی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە بۆ بەرزیی ڕێژەی بێکاری و کەمیی هۆشیاریی هاوسەران دەگەڕێننەوە. هاوسەرەکان تەنیا "لەسەر کاغەز" جیادەبنەوە، بەڵام ژیانی هاوبەشیان بەردەوامە، ئەمەش مەترسیی گەورە بۆ داهاتووی خێزانەکە و ئەو منداڵانەی دوای ئەم جیابوونەوەیە لەدایک دەبن، دروست دەکات.

چالاکوانانی کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن لەو فشارە قورسەی کە دەکەوێتە سەر ژنەکە، چونکە بەردەوام لە دڵەڕاوکێی ئاشکرابووندا دەژی.

ئەنوار خەفاجی، چالاکوان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم بابەتە نوێ نییە، ئێمە ئامۆژگاریی هیچ ژنێک ناکەین پەنا بۆ ئەم کارە ببات، چونکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە دەکەونە ژێر گوشارێکی سەختەوە و بەردەوام لە ترسی ئاشکرابووندا دەبن."

لە ڕوانگەی یاساییەوە، ئەم کارە بە فێڵکردن و بەکارهێنانی ڕێگەی نایاسایی بۆ بەدەستهێنانی پارەی گشتی دادەنرێت. لە کاتی ئاشکرابووندا، ئەگەری زیندانیکردن و سزای قورسی بۆ هەردوو هاوسەرەکە هەیە.

ئەحمەد خەفاجی، پارێزەر دەڵێت: "ئامانج لەم جیابوونەوەیە بەدەستهێنانی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییە. ئەوەی ئەم هاوسەرانە دەیکەن دەستدرێژییە بۆ سەر مافی ئەو کەسانەی کە بەڕاستی شایستەن. یاسا سزای توندی بۆ ئەم جۆرە کارانە داناوە، چونکە بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی فەرمی فێڵ لە دەوڵەت دەکەن."

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە نەبوونی هۆشیاریی یاسایی و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ قەیرانی بێکاری، هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارەن.

 
Fly Erbil Advertisment