جەی دی ڤانس: ئاگربەستی غەززە بەردەوام دەبێت

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئاگربەستی غەززە بەردەوام دەبێت؛ هاوکات حەماس ڕەتی دەکاتەوە هێرشی کردبێتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ئیسرائیل بە پێشێلکاری لە ئاگربەستی غەززە تۆمەتبار دەکات.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: سەرەڕای ئەو پێکدادانەیی ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕووی داوە، ئاگربەستی غەززە بەردەوام دەبێت.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، حەماس هێرشی کردبووه‌ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، بۆیە پێشبینی ئەوەیان دەکرد، ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل پێشتر لە هێرشکردنە سەر غەززە، واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە.

لای خۆیەوە، حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە هێرشکردنە سەر سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەکەن و ڕایگەیاند، بۆمببارانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێلکارییەکی زەقی ئاگربەستەکەیە؛ هاوکات دووپاتیشی کردووەتەوە بزووتنەوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوی تەقەکردنەکەی ڕەفەحەوە نییە و پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەستەوە ڕادەگەیەنن.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپا کرد هێرشێکی فراوان بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێبکات و حەماسی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.

هەروەها یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە غەززە و دواخستنی ڕادەستکردنی بارمتەکان، حەماس بە پێشێلکاری ئاگربەستی و بەزاندنی سنوورەکان تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا ئەو بزووتنەوەیه‌ باجێکی قورس دەدات.

مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لە شەقامی قەسام لە خان یونس، پێنج کەس کوژراون.

پێشتریش مەحموود بەسەڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو: لە هێرشێکی جیادا بۆ سەر ماڵێکی خانەوادەی ئەلبەننا لە گەڕەکی سەبرا لە باشووری شاری غەززە، دوو هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و چواری دیکەش، بریندار بوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment