بە ڤیدیۆ؛ مەسرور بارزانی یەکەم داری لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەکەی وەک پڕۆژەیەکی "ناوازە و گەورەی ژینگەپارێزی" لەسەر ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش وەسف کرد و دووپاتی کردەوە، کاریگەرییەکی زۆر باش و ئەرێنی لەسەر کەشوهەوا دەبێت و ژینگەیەکی پاکتر و تەندروستتر بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات. 

جگە لە سوودە ژینگەییەکان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە لایەنە ئابوورییەکانی پڕۆژەکە کرد و ڕوونیکردەوە، ئەو دارانەی دەچێنرێن، بەرهەمدار دەبن، "ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی، دابینکردنی سوودێکی زیاتر بۆ خەڵکی ناوچەکە، و دروستکردنی هەلی کاری نوێ."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت جەختیکردەوە: "بەردەوام دەبین، ئینشەڵا، لە خزمەتکردن."

مەسرور بارزانی سوپاسی "دۆست و پسپۆرانی یۆنانی "کرد کە وەک خۆی گوتی "لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا هاوکاری حکوومەت دەکەن، بەتایبەتی لە بواری چاندنی داری زەیتووندا." ئاماژەی بەوەش دا، پسپۆرانی یۆنانی پێیان ڕاگەیاندووە "ئەم دەڤەرە لە مێژوودا سەرچاوەی سەرەکی داری زەیتوون بووە."

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی "گەڕاندنەوەی داری زەیتوون بۆ ئەم شوێنانە مانایەکی گەورەی هەیە، هەم بەرهەمێکی بە پیت و خێرە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە، هەم دەکرێت سوودی لێوەرگرین بۆ ئامانجی پشتێنەی سەوزایی هەولێر."

 

 

Fly Erbil Advertisment