هەرێمی کوردستان.. یاری ڕۆبلۆکس لە نێو پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی قەدەغە کرا

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرینێتی ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌، تاوه‌كوو یاری (ڕۆبلۆکس)، سانسۆر بکەن و لە نێو پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی قەدەغەی بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی وەزاری ژمارە 3674، بڕیاری دا بە زیادکردنی یاری ڕۆبلۆکس بۆ لیستی ئەو بەرنامە، ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنانەی کە پێشتوور سانسۆر کراون.

هاوکات وەزارەتەکە لە نووسراوەکە، سەرجەم کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کردەوە کە دەبێت پابەند بن بە قەدەغەکردنی یاری ڕۆبلۆکس لە نێو پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی.

 

قەدەغەکردنی یاری ڕۆبلۆکس لە عێراق

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق قەدەغەکردنی یاری رۆبلۆکسی لە نێوخۆی عێراق ڕاگەیاندبوو.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، بۆ پاراستنی بەها ئەخلاقی و پەروەردەییەکانی خێزان، منداڵان و پاراستنی سەلامەتی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یارییەکە لە نێوخۆی وڵاتەکەدا قەدەغە کرا.

وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردبوو، دیمەن و ڕەفتارەکانی بەشێک لە نێوەڕۆکی یارییەکە، لەگەڵ بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان یەک ناگرێتەوە.

کۆمپانیای رۆبلۆکس کە بەرهەمهێنەری یارییەکەیە، لە ڕۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، هەوڵ دەدەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق گفتوگۆ بکەن، تا بڕیاری قەدەغەکردنی یارییەکە هەڵبوەشێننەوە.

کۆمپانیاکە ڕوونیشی كردبووه‌وه‌، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەند تایبەتمەندییەکی پەیوەندیکردن، وەکوو چاتی نێو یارییەکە، بۆ بەکارهێنەرانی لە وڵاتانی عەرەبی ڕاگرتووە، یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment