کاندیدانی پارتی لە کەرکوک بەڵێنی پاراستنی زمانی کوردی دەدەن
پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق جیا لەوەی بانگەشیەکی مۆدێرن و جیاوازی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەستپێکردووە، لە هەمان کاتدا کارنامە و پرۆژە و بەڵێنەکانیشی سیمایەکی نەتەوەیی، نیشتمانی لە خۆگرتووە، یەکێک لە گرنگترین بەڵێنەکان، پاراستنی زمانی کوردییە لە شاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
پارێزەر مۆفەق عەلی نەجم، کاندیدی ژمارە 13 لە سەر لیستی 275ی پارتی لە سنووری پارێزگای کەرکوک، دەڵێت، لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە ڕاسپێردراوین کە بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە زمانی کوردی بکەین، چونکە لە دەستووری عێراقدا هاتووە زمانی کوردی زمانێکی فەرمی بێت، هاوتا لە گەڵ زمانی عەرەبی، ئەمەش مافێکی دەستووری و یاسایی خۆمانە وەکو کورد پارێزگاری لە زمانەکەمان بکەین، لە بەرنامەی کارەکانماندا یەکێکە لە گرنگترین بابەتی کارکردنمان لە پەرلەمانی عێراق.
بەگوێرەی ماددەی چواری بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شان بە شانی عەرەبی زمانی فەرمی دەوڵەتە، بەڵام لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاستەنگ و گرفتی بۆ دروست دەکرێت.
مامۆستایەکی زانکۆ، دەڵێت: لە ڕابردوودا بینیمان چۆن لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی شاری کەرکوک و دەوروبەی گرفت بۆ قوتابییانی کورد دروست دەکرا، چونکە ناچار دەکران بە زمانی عەرەبی بنوسن و وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە، بۆیە هیوادارین کە ئەندامانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بتوانن کۆتایی بەم کێشەیە بهێنن، چونکە ئەمە مافی دەستووری و یاسایی گەلی کوردە.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەربەستی زۆر بۆ زمانی کوردی دروست کراوە، بە تایبەتی لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا، لابردنی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەش نوێنەری بەهێز و کارامەی پێویستە، ئەمەش لە کاندیدانی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گرنگی زۆری پێدراوە.
