نەخۆشی وشکبوونی چاو.. هۆکار و چارەسەر

وشکبوونی چاوەکان حاڵەتێکی باوی تەندروستییە، لە سەرانسەری جیهان ڕێژەیەکی زۆر خەڵک بەو کێشەیەوە دەناڵێنن کە چەندین هۆکاری جیاجیای لەپشتەوەیە.

دەزگای بینینی باشی ئەڵمانی ڕایگەیاند، هۆکارە باوەکانی وشکبوونی چاو بریتین لە:

  • کارکردن لە بەردەم شاشەدا:  ئەو کەسانەی کە ماوەی دوور و درێژ لە بەردەم شاشەدا کاردەکەن زۆر کەمتر لە کەسی دیکە چاوەکانیان دەترووکێنن، جاری وا هەیە تەنیا جارێک یان دوو جار لە خولەکێکدا  چاویان دەترووکێنن، ئەمەش وا دەکات چاو کەمتر توانای شێدارکردنەوەی خۆی هەبێت.
  • بای سارد یان گەرمی وشک: بەهۆی ئەو بایە وشکەوە ئاوی نێو چاو دەبێت بە هەڵم، جگە لەمەش دووکەڵی جگەرە کاریگەریی نەرێنی بەسەر بەرگی فرمێسک دا دەبێت.
  • نەخۆشی و دەرمان: حاڵەتەکانی وەک ڕۆماتیزم یان ئەکزیما دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو، هەروەها هەندێک دەرمانی وەک بیتا بلۆکەر و دەرمانە هۆرمۆنییەکان، کاریگەری نەرێنیان لەسەر بەرگی فرمێسکەکان دەبێت.

چەند ڕێکارێکی پێویست:

بەگوێرەی دەزگا ئەڵمانییەکە، پێویستە ڕووبەڕووی وشکبوونی چاو ببیەنەوە لە ڕێگەی ئەو ڕێکارانەوە:

  • لە کاتی کارکردن لەبەردەم شاشەدا پێویستە لە هەر خولەکێکدا  10 تا  15جار چاو بترووکێنرێت؛ هەروەها پێویستە بنەمای 20-20-20  پەیڕەو بکرێت کە بریتییە لە سەیرکردنی خاڵێک بەدووری 20 پێ واتە شەش مەتر دوور بێت بۆ ماوەی 20 چرکە لە هەر 20 خولەکێکدا.
  • بەکارهێنانی قەترەی شێدارکەرەوەی چاو کە فرمێسکی دەستکرد دروست دەکات، قەرەبۆی ئەو فرمێسکانە دەکاتەوە کە لەدەست دراوە، بەڵام دەبێت قەترەکە ماددە پارێزەرەکان (مواد حافظة)ی تێدا نەبێت، چونکە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی چاو.
  • هەواگۆڕکێی نێو ماڵ: هەواگۆڕکێی نێو ماڵ بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا بۆ چاوکان بەسوودە.

 وەرگرتنی چارەسەر و ڕێکارەکانی وشکبوونی چاو،  بۆی هەیە دۆخەکە بەرەو باشتر ببات و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەخۆشی وشکبوونی چاو پێویستە ئەم ڕێکار و چارەسەرانە بە بەردەوامی و تا هەتایە پەیڕەو بکرێن..

 
Fly Erbil Advertisment