ڕاگەیەندراوێک لە بەرەی گەلەوە

بەرەی گەل ڕایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکی حکوومەت سەبارەت بە ڕووداوەکەی لالەزار بەسە بۆ ئەوەی تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و یاسا سەروەر بێت.

یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، بەرەی گەل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتاری بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری شەقڵاوە زۆر بەڕوونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 23ـی ئاب بە تۆپ و تانک پەلاماری لالەزاریاندا لە شاری سلێمانی، چەندین کەسیان شەهید و بریندار کرد و سەرۆکی ئەو کاتی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەسیان دەستگیر کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، جگە لە وێرانکردنی چەندین باڵەخانە و تاڵانکردنیان، گوژمەیەک پارەی یانەی نەورۆزیشیان بەتاڵان برد.

بەرەی گەل، باسی لەوەش کردووە، بۆیە ئەم دەربڕینەی سەرۆکی حکوومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئەم ڕووداوە بجووڵێنن، تاوەکوو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و یاسا سەروەر بێت.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێک هاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.

بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕووی دا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment