پێشانگەی هاوبەشی "24 کاتژمێر" لە هەولێر کرایەوە
پێشانگەی هاوبەشی هونەری "24 کاتژمێر"، لەلایەن هونەرمەندان وەهبی رەسووڵ و بەهایدن، یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، لە گالەری جیهان لە هەولێر کرایەوە و بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام دەبێت.
دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، بەهایدن، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە لە 24 تابلۆی هاوبەشی نێوان من و وەهبی رەسوول پێکهاتووە و کانڤاس لە چوارچێوەی ئەم ئەزموونە هونەرییەدا، تەنیا وەک رووبەرێک بۆ نیشاندانی وێنە بەکارنەهاتووە، بەڵکو دەبێتە کایەیەکی فەلسەفی بۆ تاقیکردنەوەی شێوازی هاوکاری، پێکگەیشتن و دروستکردنی بەرهەمێکی هاوبەش."
بەهایدن سەبارەت بە ناوەڕۆکی پێشانگەکە گوتی، "لە ناوەڕۆکی پێشانگەکەدا، بەردەوامی وەک پرۆسەیەک باس کراوە کە بە دووبارەکردنەوەی رابردوو سنووردار نابێت، بەڵکو لە گواستنەوەیەکی هۆشیارانە و لە پەیوەندیی نێوان ئەوەی هەیە و ئەوەی هێشتا دەتوانێت لەدایک ببێت، سەرچاوە دەگرێت."
سەبارەت بە گرنگیی ئەو پڕۆژە هونەرییە، بەهایدن دەڵێت، "پڕۆژەی "24 کاتژمێر" هەوڵێکی هونەری و فەلسەفییە بۆ تاقیکردنەوەی سنوورەکانی هاوکاری و ئەوەی چۆن جیاوازییەکان دەتوانن ببنە بەشێک لە پرۆسەیەکی هاوبەشی داهێنان. لەم ئەزموونەدا، کانڤاس دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی بیرۆکە و روانگە جیاوازەکان؛ شوێنێک بەرهەمی کۆتایی تەنیا ئەنجامی کارکردنی تاکێک نییە، بەڵکو لە پەیوەندی و کاریگەریی نێوان بەشداربوواندا شێوە دەگرێت."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "هەروەها، ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە لە سروشتی داهێنان دەڕەخسێنێت و ئەو پرسیارە دەورووژێنێت؛ ئایا داهێنان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و چۆن لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکاندا دروست دەبێت. داهێنان لەو شوێنەدا سەرهەڵدەدات کە مرۆڤ ئەوی دیکە وەک سنوورێک لەبەردەم خۆیدا نابینێت، بەڵکو وەک بەشێک لە ئەزموونی هاوبەش و دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی روانگەکانی خۆی سەیری دەکات."
بەهایدن ئاماژەی بەوەش دا، "لەو پێشانگە هاوبەشەدا تەنیا کۆمەڵێک تابلۆی هاوبەش پێشکەش ناکەین، بەڵکو ئەزموونێکە بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان هونەر و بیرکردنەوە، تاک و کۆ، و ئەو توانایەی کە هاوکاری دەتوانێت بۆ دروستکردنی واتا و شێوەیەکی نوێی داهێنان دروستی بکات."
بەهایدن، شێوەکاری کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی ئەڵمانیایە. هونەرمەندێکی بینراوی چالاکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و کارەکانی پڕۆژەی نیگارکێشی، هونەری گرافیک، پەیکەرسازی و هونەری گشتی لەخۆ دەگرێت. ئەو بە بەکارهێنانی رەنگی دەربڕین و هێما و پێکهاتەی وێنەیی گێڕانەوە ناسراوە، کە تێیدا ئەزموونی کەسیی خۆی لەگەڵ تەوەرە گشتگیرەکاندا تێکەڵ دەکات.
وەهبی رەسوول، نووسەر و شێوەکارێکی دیاری کوردە. کارە هونەری و فیکرییەکانی بەوە دەناسرێنەوە کە تێکەڵاوێکە لەنێوان مۆدێرنیتەی شێوەکاری و رەهەندە فەلسەفییەکاندا. جیا لە کاری شێوەکاری، وەهبی رەسووڵ وەک نووسەرێکیش چالاکە و خاوەنی چەندین وتار و بڵاوکراوەیە، لەوانەش بڵاوکردنەوەی کتێبی تایبەت بە هونەر و فیکر.


