کریستیانەکان لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی ڕەت دەکەنەوە

نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیانراوێکدا لێدوان و هەڕەشەکانی سەرۆکی یەکێتی ڕەت دەکەنەوە و، بە هۆکارێک بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لە قەڵەمی دەدەن؛ هاوکات جەخت لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی و مێژوویی خۆیان دەکەنەوە.

یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر، کە نوێنەرایەتیی چینەکانی (ڕۆشنبیران، مامۆستایان، فەرمانبەران، جووتیاران و ئەکادیمیستەکان و هەڵگرانی بڕوانەی باڵا، لاوان و خانەنشینان) دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بە هەموو شێوەیەک لێدوانە نابەجێیەکان و هەڕەشەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ڕەت دەکەینەوە.

کریستیانەکان باسیان لەوە کردووه‌، کە هەمیشە هۆكاری ئاشتی و پاڵنەری لێکگەیشتن و هۆکاری بەرقەراربوونی سەقامگیریی بوونە لە هەرێمی کوردستان. سەرنجیان بۆ ئەوەش ڕاکێشاوە، کەس ئەوە لەبیر ناکات کە چۆن کریستیانەکان کورسییەکانی کڵێسای ماریوسفی عەنکاوەیان وەک کورسیی کاتیی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە گوندی دارەبەن لە کاتە سەختەکاندا تەرخان کرد.

هاوکات جەخت لە هەڵوێستی خۆیان دەکەنەوە و دەڵێن: ئێمە قبووڵی ناکەین هیچ کەسێک لەبەر بەرژەوەندیی تەسکی حزبی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ناو و وێنەی کریستیانەکان، وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن لە لایەنەکانی دیکەی بەکار بهێنێت.

نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەنراوەکەدا، چەند پرسیار و تێبینییەکیان ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی کردووە، کە ئەمانەی خوارەوەن:

-کاتێک لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، کە خزمتانە و کەسێکی نزیکتانە، مەرسوومی کۆماری لە سەرۆکەکانی کڵێساکانی ئێمە سەندەوە، ئەو کاتە کوا ڕۆڵی ئێوە و کوا کاریگەرییتان؟

-ئەو کاتە ئێوە لە کوێ بوون کە کادیرانی سەر بە حزبی یەکێتی کە لە دادگای فیدراڵ سکاڵایان تۆمار کرد بۆ مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان؟

-تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکتان نەبووە بەرانبەر بە کەسێک کە خۆی دەناسێنێت بە هاوسەرۆکی یەکێتی لە میدیا بە ناوی (ڕەیان سادق) کە سەرپەرشتیی میلیشیایەک دەکات، کە چەندین گوند و شوێنی کریستیانەکانی لە دەشتی نەینەوا داگیر کردووە.

نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر، لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، جارێکی دیکە  لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، کە وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن دوورن لە ڕاستی و هۆیەکن بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان ڕەت دەکەنەوە؛ هاوکات جەخت لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی و مێژوویی خۆیان دەکەنەوە وەک بناغەیەکی بەهێزی کوردستان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان.

 

نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر:

کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کلدانی.

کۆمەڵەی مارعودای کشتوکاڵی.

یانەی مامۆستایانی خێزانی.

سەنتەری ئەکادیمی کۆمەڵایەتی عەنکاوە.

تیمی شەمسا بۆ نواندن.

یانەی فەرمانبەرانی عەنکاوە.

ڕێکخراوی پشتیوانی لە مافەکانی ئەرمەن.

ڕێکخراوی سوورەیا بۆ ڕاگەیاندن.

کۆمەڵەی حەدیاب بۆ توانستەکان.

ڕێکخراوی شەقلاباد بۆ پەرەپێدانی گەنجان.

کۆڕبەندی خانەنشینانی عەنکاوە.

یانەی لاوانی کۆمەڵایەتیی عەنکاوە.

کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئەرمەنی.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment