ئەردۆغان: تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە
سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا لە پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ؛ هاوکات پشتگیری خۆی بۆ پێشنیازی دەم پارتی لەبارەی خوێندنەوەی گوتاری ڕێبەری زیندانی کراوەی پەکەکە لەبارەی چەکدانانی ئەو گرووپە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە؛ هەروەها لەبارەی ئازادکردنی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە گوتی: ئێمە بە بڕیارەکانی دادگا پابەندین.
چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە پەرلەمانتاری حزبەکەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپارتی) ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆی زۆر بنیاتنەرانەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) هەبووە. دەشڵێت: پێشنیازیان کردووە، ڕێگە بدرێت گوتاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەبارەت بە چەکداماڵینی پەکەکە لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بخوێنرێتەوە؛ هاوکات سەرۆکی تورکیا داوای لە هەموو لایەنەکان دەکات بەشداری لەو کۆبوونەوەیە بکەن.
ئەردۆغان گوتیشی: وا دیارە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیشتوونەتە قۆناگێکی وەچەرخان، بۆیە دەبێت هەموومان هەنگاو بەرپرسیارانە بنێن و ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین؛ ئاماژەی بەوەش داوە، سەبارەت بەو پرۆسەوە گرنگی بە ڕاو و بۆچوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەن، تەنانەت ئەوانەی بیرۆکەی جیاوازیشیان هەیە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەی بە لێدوانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، لە بارەی ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دوای کۆبوونەوەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: تورکیا وڵاتێکە یاسا تێیدا سەروەرە، بۆیە دەسەڵاتی دادوەری چی بڕیارێک بدات، ئێمە پێیەوە پابەند دەبین.
ڕۆژی سێشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، باسی لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سەڵاحەددین دەمیرتاش کرد.
بەیانیی هەمان ڕۆژ، لەدەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. و بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان "زۆر ئەرێنیی بووە و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە." ئاماژە بەوەش کراوە، هەر دوو لا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کردووە، گرنگترینیان، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.
شاندی ئیمراڵی چەند خاڵێکی گرنگیان خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک دەکەنەوە؛ هاوکات بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە لایەنی مێژوویی و کۆمەڵناسی بدرێت.
شاندەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت هەنگاوەکان بە شێوەیەک بن کە چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانیش لەخۆبگرێت و ڕێگا بۆ چارەسەرێکی گشتگیر خۆش بکات. هاوکات داوای کردووە، پرسی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە چوارچێوەی یاسای کۆماری تورکیادا جێگەی بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، پێشنیازی دامەزراندنی پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز کراوە کە وەک بناغەیەک بۆ چارەسەری یاسایی و دەستووری کار بکات. ئەم هەنگاوە بە پێویست زانراوە بۆ بەهێزکردنی کۆماری دیموکرات و مسۆگەرکردنی مافەکان.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
