فەرەنسا پلاتفۆرمی "SHEIN" ڕادەگرێت
حکوومەتی فەرەنسا ڕایگەیاند، پلاتفۆرم و ماڵپەڕی شی ین (Shein) ڕادەگرێت، تاوەکوو ئەو کاتەی کە ئەو کۆمپانیایە بواری بازرگانیی ئەلیکترۆنی پابەندی یاساکانی وڵات دەبێت؛ هاوکات کۆمپانیاکە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکوومەت پیشان داوە.
چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا سێباستیان لێکۆرنو ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، حکوومەت دەست بە ڕێکارەکانی ڕاگرتنی شی ین دەکات، تاوەکوو پلاتفۆرمەکە بۆ دەسەڵاتی گشتیی بسەلمێنێت کە سەرجەم ناوەڕۆکەکانی لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی حکوومەت دەگونجێن.
ئاماژەشی داوە، پێداچوونەوەی سەرەتایی لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا لەلایەن وەزیرەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ئەو کۆمپانیایەی کە جلوبەرگی مۆدەی تایبەت بە خۆی هەیە، ڕایگەیاند، فرۆشتنی بەرهەمەکانی براندەکانی دیکە لە فەرەنسا ڕادەگرێت، دەشڵێت: ئەمە بڕیارە پەیوەندی بە هەنگاوی حکومەتەوە دژی پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکە نییە.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە شی ین یەکەم فرۆشگای خۆی لە جیهاندا لە پاریس کردەوە، هاوکات شی ین (SHEIN)؛ کۆمپانیای فرۆشیاری ئۆنلاینە بۆ جلوبەرگ و کەلوپەل، لە ساڵی 2012 لە چین دامەزراوە، بەڵام ئێستا بنکەکەی لە سەنگافورەیە، بەڵێنیشی داوە بڕیارەکانی حکوومەتی فەرەنسا جێبەجێ بکات و هەموو بووکەڵە سێکسییەکان لەسەر پلاتفۆرمەکەی قەدەغە بکات.
کوێنتین ڕوفات، گوتەبێژی شی ین گوتی: ئێمە دان بە ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆی حکوومەتی فەرەنسادا دەنێین سەلامەتیی کڕیارەکانمان وەک پێشینەی سەرەکیی کارەکانمان دەمێننەوە و بە زووترین کات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لەو بارەوە گفتوگۆ دەکەین.
دۆزینەوەی بووکەڵەی سێکسی لەسەر ماڵپەڕی شی ین بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی گەورە لە فەرەنسا، هاوکات نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس لێکۆڵینەوەی لە دژی شی ین و پلاتفۆرمەکانی دیکەی بواری فرۆشتنی ئۆنلاین وەک AliExpress، Temu و Wish دەستپێکردووە، بەهۆی فرۆشتنی بووکەڵە سێکسییەکانەوە.
داواکارانی گشتی لە شاری ئێکس ئان پڕۆڤانسی فەرەنسا ڕایانگەیاند، کارمەندانی کۆمپانیایەکی گەیاندن، پۆلیسی شارۆچکەی بوک-بێل-ئێر ئاگادار کردووەتەوە، بووکەڵەیەکی سێکسی "لەناو پاکێجێکدا کە لە چینەوە هاتبوو دۆزیوەتەوە.
داواکاری گشتی ژان لوک بلاشۆن بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت کە پاکێجەکە لە شی ینەوە نەهاتووە.
نووسینگەی داواکاری گشتی فەرەنسا ڕایگەیاند، پیاوەکە کە دەستبەسەر کراوە، پێشتر بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی سزا درابوو و دانی بەوەدا ناوە کە داوای بووکەڵەکەی بۆ مەبەستی سێکسی کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی جلوبەرگ بە شێوەیەکی ئۆنڵاین لە وڵاتان، ئەو پلاتفۆرمە بەکار دەهێنن، هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵاتییەکان هەژمارێکی زۆر هەن کە جلەبەرگەکان لە رێگەی شی ینەوە لەو وڵاتانە دەگەیننەوە ئێرە.
