محەممەد شوکری: پشتێنەی سەوزایی و ڕێڕەوی ژیان، سیمای هەولێر دەگۆڕن

لە چوارچێوەی دیدگای کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و کەرتی گەشتوگوزار، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پرۆژەی ستراتیژی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت کە تەنیا لەم کابینەیەدا 733 پرۆژەی نوێ کراون و ئەمڕۆش سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ـی وەک بەشێک لەو دیدگایە بۆ گۆڕینی سیمای پایتەخت دانا.

چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دیدگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە کە ژێرخانی ئابووری، ڕێگاوبانەکان و شوێنە گەشتییارەکان لە پێشینەی کارەکانە، تاوەکوو لە ڕێگەی کەرتی گەشتوگوزارەوە بتوانین پشتگیری دارایی بۆ دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت دابین بکەین و کەرتەکانی دیکە بەرەو پێش ببەین.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 733 پرۆژەی نوێی گەورە گەشتوگوزار و وەبەرهێنان کراوە، کە بەشێکی زۆریان بە هاوبەشی کەرتی تایبەت و سەرپەرشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون؛ بۆیە کارتی تایبەت لە کەرتی ئابووری هاوبەشێکی سەرەکی حکوومەتە.

ئاشکراشی کرد، ماستەر پلانی گشتگیری گەشتوگوزاری دوکان بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار تەواو بووە و گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە شوێنەکە دەکرێت، هاوکات ماستەر پلانەکە دراوەتە وەبەرهێنەریش، بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست پێ دەکات.

باسی لەوەش کرد، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و ڕێڕەوی ژیان دوو پرۆژەی زۆر ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، کە شێوازی ژیان لە هەولێر بە تەواوی دەگۆڕێت، بە شێوەیەک پشتێنەی سەوزایی ئۆکسجینێکی پاک دابین دەکات، دەرفەتی کار بۆ هەزاران گەنج دەڕەخسێنێت و بەهۆی دار زەیتوون و فستق سوودێکی زۆری ئابووریشی دەبێت؛ هاوکات لە ڕێڕەوی ژیان لە هەر دوو دیو زیاتر لە 25 کیلۆمەتر شوێنی بازرگانی و گەشتیاری دروست دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ی لە شاری هەولێر دانا، کە کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر گەشەی زیاتری پایتەخت دەبێت، بە تایبەت لە ڕووی گەشتیارییەوە.

تایبەتمەندییەکانی پرۆژەکە بە ژمارە:

ڕووبەر: کۆی ڕووبەری تەرخانکراو بۆ پرۆژەکە 101,600 مەتر دووجایە.

پێکهاتەی ئاو: پرۆژەکە لە 3 دەریاچە پێک دێت و بە 2 ڕێڕەوی ئاوی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە.

پانیی ڕێڕەوی پرۆژەکە لەنێوان 15 بۆ 25 مەتردایە، هەروەها قووڵیی ڕێڕەوەکە 5 مەتر دەبێت.

دیزاین: پرۆژەی "ڕێڕەوی ژیان" لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی و ڕاوێژکارانی ئیتاڵییەوە دیزاین کراوە.

شوێن: پرۆژەکە لە گەڕەکی شاوەیس و سێبەردان دەست پێدەکات و تا ڕێگای سەرەکیی کەرکووک و دواتر ڕێگای مەخموور درێژ دەبێتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment