ئیسرائیل: سەری حزبوڵڵا دەپەڕێنین

ڕۆژنامەی "مەعارف"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، حزبوڵڵای لوبنانی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەوڵەکانی بۆ چەکدارکردنەوەی توانای سەربازیی خۆی خێراتر کردووە، ئەو گرووپە ئێستا خاوەنی هەزاران مووشەکە، زۆربەیان مەودا کورت و ناوردن.

لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناچار بێت دەست بە ئۆپەراسیۆنێک بکات کە ناوی لێناوە "سەربڕینی حزبوڵڵا". لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە گرووپەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پێویستی بە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بێت. ئێستا سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ لاوازکردنی هێزی حزبوڵڵا، لە ڕێگەی ئامانجگرتنی سیستەمە سەربازییەکان، ژێرخان، و چەکدارەکانیانەوە.

هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەنیا چەند مانگێکی کەمی ماوە تا حزبوڵڵا ئەو "هێڵە سوورە" ببەزێنێت کە ئیسرائیل سەبارەت بە توانا هێرشبەرییەکانی دیاری کردووە.

سەرەڕای ئەمانە، نیگەرانییەکی نوێ لەناو سوپای ئیسرائیلدا سەریهەڵداوە سەبارەت بە سیناریۆی هێرشکردنی حزبوڵڵا بۆ سەر یەکێک لە پێنج پێگە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە ناوخۆی لوبناندا. مەبەست لەم کارە فشارخستنە سەر حکوومەتی لوبنانە تا هەوڵەکانی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا ڕابگرێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم نیگەرانییە وایکردووە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و ناجێگیریی کەشوهەوا وەک تەم و باران، کە لەوانەیە حزبوڵڵا بۆ ئەنجامدانی هێرش بقۆزێتەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند: "پێویستە حزبوڵڵا لە بیری بێت ئێمە لە دۆخێکی جیاوازداین بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئێستا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ئازادیی زیاتری هەیە لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە ئاسمانی لوبناندا."

هەروەها گوتیشی: "هێزی ئاسمانی لە شەڕەکانی غەززە، ئێران و سووریا ئازاد کراوە. هەر بۆیە سوپا و هێزی ئاسمانی ئامادەن بۆ بەکارهێنانی تەواوی توانای هێرشبەریی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment