پەیوەندی لە نێوان لاوازی ماسوولکەی دڵ و نه‌خۆشی زههایمەردا له به‌ساڵاچوواندا هەیە
لێکۆڵینه‌وه‌کان ئاشکرایان کردووە که دڵ و مێشک پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە، حاڵەتە مەترسیدارەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، وەک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و کۆلسترۆڵ، دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری لەسەر تەندروستی مێشک دروست بکەن.
بە مەبەستی باشترکردنی ژیان لەگەڵ بەساڵاچووندا، زانایان بەردەوام هەوڵ دەدەن تێبگەن لەوەی چۆن تەندروستی دڵ لە ناوەڕاستی تەمەندا کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی جەستە و مێشک لە داهاتوودا دروست دەکات.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نیشانی داوە که زیانگه‌یشتن به ماسوولکه‌ی دڵ له ناوەڕاستی تەمەندا، ئه‌گه‌ری توشبوون به نه‌خۆشی زه‌هایمەر زیاد ده‌کات به ڕێژه‌ی زیاتر له سێیه‌ک، ئاماژەکانی ئه‌م مه‌ترسییه ده‌کرێت 25 ساڵ پێش ده‌ستنیشانکردنی نه‌خۆشییه‌که ده‌ربکه‌ون.
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، تیمێک له زانایانی زانکۆی کڵیج له له‌نده‌ن (UCL) سه‌رنجیان له‌سه‌ر تۆماره‌کانی ته‌ندروستی نزیکه‌ی شەش هەزار که‌س دا، که له ساڵی 1985 وه له خزمەتگوزاری مه‌ده‌نی کاریان ده‌کرد، پشکنینی ئاستی پرۆتینی "ترۆپۆنین" یان له خوێنیاندا ئه‌نجامدا کاتێک ته‌مه‌نیان له نێوان 45 بۆ 69 ساڵ بوو، هیچ کامێکیان نه‌خۆشی زه‌هایمەر یان نه‌خۆشی دڵیان نه‌بوو له سه‌ره‌تای لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا.
"ترۆپۆنین" نیشانه‌یه‌کی زیانگه‌یشتن به ماسوولکه‌ی دڵه، به شێوه‌یه‌کی گشتی بۆ چاودێریکردنی جه‌ڵته‌ی دڵ به‌کاردێت.
توێژەران چاودێری به‌شداربووانیان کرد بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ، پشکنینی بیره‌وه‌ری و تواناکانی زانینیان له شه‌ش کاتی جیاوازدا ئه‌نجامدا، له ماوه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌دا، 695 که‌س ده‌ستنیشان کران بۆ نه‌خۆشی زه‌هایمەر.
ئه‌نجامه‌کان نیشانی‌دا که ئه‌و که‌سانه‌ی ئاستی به‌رزی "ترۆپۆنین" یان له خوێنیاندا هه‌بوو، زیاتر مه‌ترسی توشبوونیان به نه‌خۆشی زه‌هایمەر هه‌بوو، ئه‌مه ته‌نانه‌ت 7 بۆ 25 ساڵ پێش ده‌ستنیشانکردنی نه‌خۆشییه‌که ئاشکرا بوو.
تیمه‌که ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئه‌و که‌سانه‌ی ئاستی به‌رزی "ترۆپۆنین" یان هه‌بوو، "تێکچوونی خێراتریان له تواناکانی زانیندا هه‌بوو".
پشکنینی تیشکی MRI له‌سه‌ر 641 به‌شداربوو نیشانی دا که، ئه‌وانه‌ی ئاستی به‌رزی "ترۆپۆنین" یان له سه‌ره‌تای لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا هه‌بوو، دوای نزیکه‌ی 15 ساڵ ، قەبارەی بەشی هێپوکامپیان کە "بەرپرسە لە بیرەوەری" بچووکتر بوو.
پڕۆفیسۆر بڕاین ویلیامز، به‌رپرسی باڵای زانستی و پزیشک له دامه‌زراوه‌ی دڵی به‌ریتانیا، گوتی: "ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه بیرمانده‌خاته‌وه که ته‌ندروستی دڵ و مێشک په‌یوه‌ستن به‌یه‌که‌وه، ناوەڕاستی تەمەن قۆناغێکی هه‌ستیاره که زیانگه‌یشتن تیایدا ده‌کرێت ببێته هۆی تێکچوونی درێژخایه‌ن، گرنگیدان به شێوازی ژیانی ته‌ندروست له هه‌موو ته‌مه‌ندا پاراستنی فشاری خوێن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆلسترۆڵ و چالاکی جه‌سته‌ییی ڕێکوپێک و کێشی ته‌ندروست و وازهێنان له جگه‌ره‌کێشان ته‌ندروستی دڵ باشتر ده‌کات و مه‌ترسی نه‌خۆشی زه‌هایمەر که‌م ده‌کاته‌وه".
پڕۆفیسۆر ئێریک برۆنه‌ر، که هاوکار بووه له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا، جه‌ختی کرده‌وه لەوەی "کۆنترۆڵکردنی هۆکاره مه‌ترسیداره‌کانی دڵ و خوێنبەرەکان له ته‌مه‌نی ناوەڕاستدا ده‌توانێت ڕۆیشتنی نه‌خۆشی زه‌هایمەر و نه‌خۆشی دڵ خاوبکاته‌وه یان ڕابگرێت". هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که پێوانه‌کردنی ئاستی "ترۆپۆنین" ده‌کرێت ببێته ئامرازێکی گرنگ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌ترسی توشبوون به نه‌خۆشی زه‌هایمەر له داهاتوودا.
