دوای نەتەوە یەکگرتووەکان بەریتانیاش سزاکانی سەر ئەحمەد شەرعی هەڵگرت
هەر یەکە لە بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە سەردانەکەی سەرۆکی سووریا بۆ ئەمەریکا سزاکانیان لەسەر ئەو سەرۆکە هەڵدەگرن، هاوکات بڕیارە یەکێتیی ئەورووپاش لە ماوەیەکی نزیکدا هەمان هەنگاو بنێت.
هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، حکوومەتی بەریتانیا لە پێگەی خۆی بڵاوی کردەوە، سزاکانی هەر یەکە لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە هەڵ دەگرت.
هەروەها پاوڵا پینهۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لەو بارەوە ڕایگەیاند، بڕیارە ئەوانیش هەمان هەنگاوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەریتانیا لە هەڵگرتنی ئەو سزایانە بنێت.
ئاماژەشی بەوەش کردووە، یەکێتیی ئەورووپا پشتگیری حکوومەتی سووریا دەکات لە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و ئاشتییانە بۆ هەموو سوورییەکان.
هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دوای هەر یەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە هەر یەکە سەرۆک و وەزیری ناوخۆی سووریایان لە لیستی سزاکان دەرهێناوە.
دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتابی دا، کە زیاتر لە 10 ساڵە سزایان بەسەر سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
هەروەها لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، دەستەی تەحریر شامی لە لیستی ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دەرهێنا.
لە ساڵی 2014 ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتاب بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعش و قاعیدە وەک ئەندامی دەستی تەحریر شام (HTS) لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیاوە سزای قەدەغەی گەشتکردن، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان، و گەمارۆی چەکی بەسەریان سەپێنرابوو.
هاوکات بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، بچێتە وشنتن و لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە و پێشبینی دەکرێت باس لە دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانیی جیهانی دژی داعش بکەن.
