كامه‌ران عەلی: 558 قوتابخانە لە کەرکووک لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێم دروست کراون
به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له كه‌ركووك ڕایگەیاند: له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێم لە شارەکە زیاتر له 1000 مامۆستا بە شێوەی گرێبه‌ست دامه‌زراون.
هەینی، 7ـی تشرینی دووەمی 2025، كامه‌ران عەلی، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له كه‌ركووك، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: 558 قوتابخانە لە شارەکە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێم دروست کراون و سەرجەم پێداویستییەکانمان بۆ دابین کراوە.
به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له كه‌ركووك، ئاماژەی بەوە دا، ئێستا زیاتر له 100 هه‌زار قوتابی خوێندنی كوردی له كه‌ركووك ده‌خوێنن. گوتیشی: له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێم زیاتر له 1000 مامۆستا بە شێوەی گرێبه‌ست دامه‌زراون.
كامه‌ران عەلی، لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: به‌م نزیكانه نزیكه‌ی پێنج هەزار و 841 مامۆستا له وه‌رگرتنی زه‌وی سوودمه‌ند ده‌بن.
بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە کارە هەرە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدان و گرنگیدان بووە بە ژێرخانی کەرتی پەروەردە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەندان بۆنەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، وەک حکوومەت بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی وەزارەتی پەروەردە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە و خوێندن و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دیکە.
