حزبوڵڵای عێراق: چەک دانانێین
گوتەبێژی حزبوڵڵای عێراق، ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک چەکدانان ڕەت دەکەینەوە و ئامادە نین چەک دابنێین، ئەو چەکانەی لە دەستمانە مافی شەرعی خۆمانە، بۆ بەرگری لە خاک و پیرۆزییەکانی عێراق وەکو قەڵغان بە کاری دەهێنین.
ئەمڕۆ هەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025، جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی حزبوڵڵای عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوازێک ئامادە نین چەک دابنێین، بەڵکو بۆ بەرگری لە خاک و پیرۆزییەکانی وڵات چەکمان هەڵگرتووە و بەرگری لە سەروەری عێراق دەکەین
ئاماژەی بەوەش کردووە، حزبوڵڵا ئەو چەکانەی لە دەستی ئەندامەکانیدایە مافی یاسایی و شەرعی خۆیانە، بۆیە هەر لە دەستی خۆیان دەمێنێتەوە.
ڕاگەیەنراوەکەی حزبوڵڵای عێراق دوای ئەوە دێت، دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو: عێراق پابەندە بەوەی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانی بەدەست گرووپەکانەوەیە، بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت.
سوودانی گوتبووی: ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو نابێت تا ئەو کاتەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بمێننەوە لە وڵاتەکەدا بمێننەوە، چونکە هەندێک لە گرووپە عێراقییەکان بە هێزێکی داگیرکەر لە قەڵەمیان دەدەن.
سوودانی جەختی لەوە کردبووەوە، هێشتا پلانێک هەیە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش تا مانگی ئەیلوولی 2026 لە عێراق بکشێنەوە، چونکە هەڕەشەی گرووپە توندڕەوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
