قیرتاوکردنی ڕێگای دووسایدی هەولێر-کۆیە دەستیپێکرد
کارکردن لە پرۆژەی دووسایدی هەولێر- کۆیە گەیشتە قۆناغی قیڕتاوکردن و لە 15 کیلۆمەتری ڕێگاکە قیڕتاوکردن دەستی پێکرد، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە بەڵێنیداوە بەکەمتر لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە کارەکانی تەواو بکات و پرۆژەکە بەرووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
قۆناغی قیڕتاوکردنی ڕێگای دووسایدی کۆیە-هەولێر دەستیپێکرد، ئەوەش تەنیا ساڵێک دوای بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە، 15 کیلۆمەتر لەکۆی 37 کیلۆمەتری ڕێگاکە بۆ قیڕتاوکردن ئامادەکراوە، لە قۆناغەکانی دیکە، کار لە بڕین و پڕکردنەوە و دروستکردنی پرد و ژێر پرد و قەنتەرەکان دەکرێ.
حەردان سەعید، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە لە 6-1-2025، دەستمان بەکارکردن لەو پرۆژەیە کرد، ئێستا گەشتووینەتە قۆناغەکانی کۆتایی پرۆژەکە، دەشڵێت: ئێستا کار لە فەرشکردنی 'ستاپ لایزەر' دەکەین کە چینی یەکەمی فەرشکردنە بە ئەستووری 10 سانتیم، 15 کیلۆمەترمان ئامادەیە بۆ فەرشکردن.
ڕێگای دووسایدی هەولێر-کۆیە، بەشێکە لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووسایدکردنی تەواوی ڕێگای نێوان پارێزگاکان، لەگەڵ تەواوبوونی جگە لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، 25 خولەک ڕێگای نێوان کۆیە-هەولێر نزیک دەکاتەوە، ئەوەش هاووڵاتییان و شۆفێرانی خۆشخاڵ کردووە.
جەلیل حوسێن، هاووڵاتی گوتی: دروستکردنی ئەو دووسایدە بۆ سنوورەکەمان خەون بوو، ڕۆژانە خزم و کەسوکارمان بە ڕووداوی هاتوچۆ لەو ڕێگایە لەدەست دەدا، بەڵام ئێستا ئەوە نەما و بووەتە کار ئاسانییەکی زۆر بۆ ئێمە.
زاهیر فەرەج، شۆفێر دەڵێت: دروستکردنی ئەو ڕێگایە نیعمەتە، ئێمە بە کاتژمێرێک دەگەیشتینە گۆپتەپە، بەڵام ئێستا بە نیو کاتژمێر دەگەینە گۆپتەپە.
ئەحمەد جەعفەر، شۆفێر ڕایگەیاند، ئەو ڕێگایەی دروست دەکرێت کاریگەریی زۆری بۆ ئێمە هەیە، کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕێنێتەوە و سەلامەتیشە.
دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە وەستانی پرۆژەکە، ساڵی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا پرۆژەی دووسایدی کۆیە-هەولێر دەست پێ بکاتەوە، گوژمەی پرۆژەکە 560 ملیار دینارە و ئێستا زیاتر لە 30%ـی کارەکانی تەواو بووە، ڕێگاکە بە ستانداردێکی جیهانی دروست دەکرێت و دەیان پرد و ژێر پرد و ئاوباری تێدایە و بڕیارە زووتر لەوادەی دیاریکراو تەواو بکرێت.
