13 موڵکی 'چاڤی لاند' بەهۆی قەرزارییەوە دەفرۆشرێن

چاڤی لاند
چاڤی لاند

بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ڕایگەیاند، سەرجەم موڵکەکانی پڕۆژەی گەشتیاری "چاڤی لاند" لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە دەفرۆشێت. ئەم بڕیارە لەسەر داوای وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی کە لەسەر کۆمپانیای چاڤی کەڵەکە بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، بڕی قەرزەکەی وەزارەتی کارەبا لەسەر کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، 3 ملیار و 580 ملیۆن و 710 هەزار دینارە، جگە لە ڕەسمی جێبەجێکردن. 

زیادکردنەکە (13) موڵکی پڕۆژەکە دەگرێتەوە کە سەرجەمیان دەکەونە کەرتی (1)ی ملکندی و دباشان.

وردەکاریی زیادکردنەکە:

ماوەی زیادکردن: پرۆسەکە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکە لە ڕۆژنامەدا دەست پێدەکات.

کات و شوێن: زیادکردنەکە ڕۆژانە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

مەرجەکانی بەشداریکردن: هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە، پێویستە بارمتەی یاسایی بە ڕێژەی 10%ـی نرخی خەمڵێندراوی موڵکەکان لە بەشی ژمێریاری دابنێت. هەروەها دەبێت ناسنامەی نیشتمانی و پشتگیری شوێنی نیشتەجێبوون پێشکەش بکات.

تێچوو: سەرجەم ڕەسمی تۆمارکردن و کرێی جاڕچی دەکەوێتە ئەستۆی کڕیار.

شایەنی باسە، پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکی جیادا ئاماژەی بە فرۆشتنی نزیکەی 60 موڵکی کۆمپانیای چاڤی کردبوو لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی بانکە حکوومییەکان کە بە زیاتر لە 91 ملیار دینار مەزەندە کرابوو. بەشێک لەم قەرزانە وەک پێشینەی وەبەرهێنان بە کۆمپانیاکە دراوە، بەڵام بەهۆی نەدانی قەرزی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو و باج، بڕەکەی زیاد بووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment