حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژیی بۆ بەهێزکردنی ژێرخان بڵاو کردەوە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری چەندین پرۆژەی گرنگی لە بواری ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان خستەڕوو، کە بە ئامانجی پتەوکردنی ئابووری و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان ئەنجامدراون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، حکوومەت کاریکردووە لەسەر دروستکردنی 9 بەنداوی نوێ و 81 پۆند، کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کۆکردنەوەی سامانی ئاو و ئاسانکاری هاتوچۆ. هاوکات، جێبەجێکردنی 3,287 پرۆژەی شەقام و ڕێگەوبان لە سەرتاسەری هەرێمدا، بەشێکی سەرەکی بووە لە پلانەکانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە.
لە بواری ئاسایشی خۆراکدا، 4 سایلۆ دروستکراون و زیاتر لە 10 پرۆژەی دابینکردنی ئاو جێبەجێکراون، کە ئامانج لێیان پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە. هەروەها، حکوومەت بایەخی بە کەرتی تایبەت داوە و ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان ڕەخساندووە، کە بووەتە هۆی دامەزراندنی 34 هەزار کۆمپانیا، کارگە و خانووی پلاستیکی.
لەسەر ئاستی گۆڕانکاری دیجیتاڵی و بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان، 50 پۆرتاڵ و سیستەمی دیجیتاڵی کاری پێکراوە. یەکێک لە پرۆژە هەرە دیارەکانی ئەم بوارە، پرۆژەی "هەژماری من"، کە تا ئێستا 900,600 فەرمانبەر تێیدا تۆمارکراون. ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو شەفافیەت و نوێکردنەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمدا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوونە.
وەزارەتەکە ئاماژەشی دابوو، لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەش سەنتەری هەر دوو شاری سۆران و زاخۆ کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی و ئامادەکارییەکان دەستییان پێکردووە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە ئیدارەی ڕاپەڕین.
