بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی: زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە سنووری هەولێرە
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق زۆر باشە و زۆرترین ڕێژەش لە سنووری هەولێرە. دووپاتیشی کردەوە، ئەمجارە دەنگی هیچ دەنگدەرێک نافەوتێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، جەعفەر ئیمێنکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بنکەیەکی دەنگدانی شاری هەولێر دەنگی دا و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی بەڕێوەچوونی دەنگدانیی گشتیی پەرلەمانی عێراق و ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران کرد.
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لە بەیانییەوە چاودێریی نزیکەی 14 هەزار وێستگەی دەنگدان دەکەن و بۆیان دەرکەوتووە، تا ئێستا رێژەی بەشداریی دەنگدەران "زۆر باشە". وەک خۆی گوتی، زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی لە سنووری پارێزگای هەولێرە، سلێمانی لە پلەی دووەم و دهۆکیش لە پلەی سێیەم دێت.
بە گوتەی ئیمێنکی لەسەر داوای پارتی "کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە و ئەمجارە دەنگی هیچ دەنگدەرێک نافەوتێت، چونکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کێشە تەکنییەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی چارەسەر کردووە." دووپاتیشی کردەوە "بە شێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق."
ئەو بەرپرسەی پارتی بە گرنگی دەزانێت "ئەمڕۆ دەنگدەرەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن" و گوتی "هەڵبژاردن بردنەوە و دۆڕانە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ساڵی 1992ـەوە هەمیشە براوە بووە و یەکەم بووە، ئەمجارەش ئینشائەڵڵا براوە دەبین."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد.
بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.
