پاکستان.. لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا نزیکەی 40 کەس کوژران و بریندار بوون
وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەبەردەم دادگایەک لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی شاری ئیسلام ئاباد، دوانزە کەس کوژران و 27 کەسی دیکەش برینداربوون.
موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، لە شوێنی ڕووداوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سیشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە بەردەم باڵەخانەی دادگا لە شاری کەشەهری هێرشێکی خۆکوژی کرا بەهۆیەوە 12 کەس کوژران و نزیکەی 27 کەسی دیکەش برینداربوون."
وەزیری ناوخۆی پاکستان ئاماژەی بەوەشکرد، "هەوڵدەدەین ناسنامەی هێرشبەرەکە بدۆزینەوە تاوەکوو بزانین لە کوێوە هاتووە"، گوتیشی، "هێرشبەرەکە ماوەیەک لە دەرەوەی دادگاکە چاوەڕێی کردووە پێش ئەوەی بۆمبەکەی لە نزیک ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس بتەقێنێتەوە."
پارێزەر ڕۆستەم مالیک کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بووە بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "کاتێک ئۆتۆمبێلەکەم ڕاگرت و چوومە شوێنی مەبەست، گوێم لە تەقینەوەیەکی بەرز بوو لە دەروازەکە."
دەشڵێت، "دوای تەقینەوەکە پشێوییەکی تەواو کەوتەوە، پارێزەر و خەڵک بەپەلە ڕایانکردە شوێنی سەلامەت، دوو تەرمم لە دەروازەکە بینی و چەند ئۆتۆمبێلێک ئاگریان گرتبوو."
