دەنگدەرێکی پارتی لە سلێمانی: 15 - 20 کادری یەکێتی هێرشیان کردە سەرم و ئەشکەنجەیان دام

ئەڵماس عەبدولکەریم، دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی
ئەڵماس عەبدولکەریم، دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەڵماس ئەحمەد، دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەلایەن ژمارەیەک کادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هێرشی کراوەتە سەر.

بە گوتەی ئەو، ڕووداوەکە لە نزیک بنکەیەکی دەنگدان ڕوویداوە کاتێک ویستویەتی دەنگ بدات. ڕوونیشیکردەوە "نزیکەی کاتژمێر 10:00ی بەیانی بوو، لەگەڵ دایکم بە ئۆتۆمبێل چووین بۆ دەنگدان. دوای دەنگدان و لە کاتی گەڕانەوەماندا، لە بەردەم قوتابخانەکە، کە بنکەی دەنگدان بوو، ژمارەیەک کەس کە دواتر دەرکەوت کادری یەکێتین، ڕێگریان لێکردین."

ئەڵماس ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لەو کەسانە، کە خۆی بە "موختار" ناساندووە، لێی پرسیوە کە بۆچی بانگەشە دەکەن. ئەویش وەڵامی داوەتەوە کە تەنها بۆ دەنگدان هاتوون و بانگەشە ناکەن؛ "پاشان دەمەقاڵێ لە نێوانماندا دروست بوو و یەکێک لەوان گوتی 'تۆ حەقت چییە' و قسەی ناشرینی پێگوتم. منیش هەوڵمدا بە مۆبایلەکەم ڤیدیۆی ڕووداوەکە بگرم، بەڵام هێرشیان کردمە سەر و مۆبایلەکەیان لێسەندم."

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بریندار بووە و شوێنەواری لێدان بە دەموچاویەوە دیارە. هەروەها، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە و داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.

ئەڵماس جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کەسانە بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ حزبەکەی خۆیان کردووە و فشار خستنە سەر دەنگدەرانی دیکە. 

 

 
 

Fly Erbil Advertisment