ئەمڕۆ لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی کاندیدێک کۆچی دوایی کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، عودەی عەجمان، کاندیدی قەوارەی "کۆمەڵەی فاو- زاخۆ" بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
قەوارەی 'کۆمەڵەی فاو- زاخۆ' ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، "ئەمڕۆ کاندیدمان عودەی عەجمان دوای ئەزموونێکی زۆر لە خزمەتکردن کۆچی دوایی کرد." ئاماژەیان بەوەشکرد، بەم بۆنەیەوە هەموو ئاهەنگێڕانێکی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن دوادەخرێت.
عودەی عەجمان سێیەم کاندیدی ئەم هەڵبژاردنەیە گیانی لەدەستدابێت، دوای ئیبتیسام شجێری سەر بە هاوپەیمانی تەفەوق و هەروەها سەفا مەشهەدانیش کە لە ناوچەی تارمییەی بەغدا کوژرا.
عودەی عەجمان سیاسەتەمدار و بازرگانێکی خەڵکی بەسرەیە و یەکێک بوو لە کاندیدانی قەوارەی کۆمەڵەی فاو-زاخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی (بەدیل).
عودەی عەجمان پێشتریش بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەقفی سوننی باشووری عێراق بووە و هەروەها چالاکوانی کاری خێرخوازیی و کۆمەڵایەتی بووە.
پارێزگای بەسڕە، یەکێکە لە کاریگەرترین پارێزگاکان لەسەر نەخشەی سیاسی عێراق، بەهۆی ڕێژەی دانیشتوان و ئابوورییەوە، چونکە ناوەندی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە و گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی بەهێزە لەنێوان شیعەکان و هاوپەیمانە سەربەخۆکاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی بنکەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتیی کرانەوە و بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بێت، هەروەها لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 7744 کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن .
