هاووڵاتییەک: دەنگدان بە فەرز دەزانم
هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی شاری هەولێر دەڵێت: دەنگدان وەک فەرزی نوێژ دەزانم، ئەگەر بە جەنازەش بووا دەهاتم دەنگم دەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، زۆرێک لەو هاووڵاتییانەی ئەزموونێکیان لەگەڵ نەهامەتییەکان هەیە لەگەڵ بەغدا، داوا دەکەن هەمووان بەشداریی دەنگدان بکەن.
هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی شاری هەولێر لە یەکێ لە بنکەکانی دەنگدان بە کوردستان24ـی گوت: دەنگدان وەک نوێژ، بە فەرز دەزانم، پێویستە هەمووان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بۆ ئەوەی دەنگمان لە بەغدا زیاتر بێت، دەشڵێت: نەوەک هەر بە نەخۆشیی، بەڵکو بە جەنازەش بووایە دەهاتم بۆ دەنگدان.
لەبارەی ئەو گەنجانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە و تا ئێستا نەچوون دەنگ بدەن، ئەو پیاوە بەساڵاچووە دەڵێت: ئەوانە هێشتا هەست بە گرنگیی پرۆسەکە ناکەن.
