نەبەرد عومەر: لایەنەکان دەتوانن لە ئێستاوە سکاڵاکانیان بدەن بە کۆمیسیۆن
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق، لایەنەکان دەتوانن لە ئێستاوە سکاڵاکانیان بدەن بە کۆمیسیۆن، بە دڵنیاییەوە سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق، دوای تەواو بوونی کاتی دیاریکراوی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، سبەی کاتژمێر 6ی ئێوارە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنەوە ڕادەگەێنرێت.
لە بارەی سکاڵای لایەنەکانەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو 72 کاتژمێری داهاتوو لایەنەکان دەتوانن سکاڵاکانیان بگەیێنن بە دەستی کۆمیسیۆن، دوای ئەوە سندووقەکان دەکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، لە ئەگەری هەبوونی هەر سەرپێچییەک، سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 07:00 بەیانی لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد، بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.
پرۆسەی دەنگدان کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە کۆتاییهات.
