پارتی ملیۆنێک دەنگی تێپەڕاند

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ژمارە لیستی 275، بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە، بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان لە هەردوو دەنگدانی گشتیی و تایبەتدا، ملیۆنێک دەنگی تێپەڕاند.

بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا لە دەنگدانی تایبەتدا، 94 هەزار و 666 دەنگی بەدەستهێنابوو، دوای داخرانی ناوەندەکانی دەنگدانی گشتی و بە پێی ئەو ژمارانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتوون، کۆی گشتیی دەنگەکانی پارتی لە دەنگدانی تایبەت و گشتیدا، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگە.

ئێستا پارتی گەورەترین پارتی سیاسیی عێراقە و لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشە بۆ سەرخستنی لیستی 275ی پارتی لە کەرنەڤاڵەکاندا، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی چەند جارێک ڕایگەیاند و جەختی کردەوە، کە ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستی هەرێمی کوردستان هیچ ڕکاربەرێکی نییە، بەڵکو لە بەغدا هێزە سیاسییەکانی عێراق ڕکاربەری پارتی دەکەن.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە هەڵمەتی بانگەشەدا، ڕایگەیاند، پێشبینی بەدەستهێنانی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ئەو وادەیەی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکرابوو، لە 9ی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و لە 11ـشدا دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبرد، کە لە نێویاندا 9 ئەندام پشکی کۆتای پێکهاتەکانە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل