سیداد بارزانی: خەڵکی کوردستان وەڵامی خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگ دایەوە
سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوە دا، سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە وەڵامی خزمەتگوزاری و خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025، سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرۆک بارزانی دەکەین، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان، کە زۆر بە هێمنی و بێ گرفت بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوە دا لە بەرانبەر هەوڵ و ماندووبونیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین.
سیداد بارزانی، گوتی: بە گوێرەی داتا بەراییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لقی 10 و 26ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێناوە، هەروەها دەنگێکی زۆری پارتی لە ناوچەکە زیادکراوە، کە دواتر لە لایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە.
هەروەها گوتیشی: سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە وەڵامی خزمەتگوزاری و خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە، هەروەها پشوو درێژی و ئارامگرتنی هاووڵاتیان لە ماوەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، جێگای ڕێز و دەست خۆشییە، پشتیوان بە خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان.
