ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: پلانی ئەمنیی هەڵبژاردن سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025، ڕایگەیاند، پلانی ئەمنیی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.
فەریق ڕوکنی یەکەم، قەیس مەحمەداوی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2025 لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پلانی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن بە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.
مەحمەداوی گوتی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025 لە دۆخێکی هەستیاری هەرێمی و ناوچەیی بەڕێوەچووە، جێگەی بەڵام خۆشحاڵییە ڕایدەگەیەنم، پلانی ئەمنیی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتووانە لەلایەنی هەموو هێزەکانەوە بە سوپا، پۆلیس، دەگای هەواڵگر، حەشدی شەعبی و پێشمەرگە زۆر بە تۆکمەیی بەڕێوەچوو.
هەروەها ئاماژەیدا، لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، توانراوە زیاتر لە 1430 حاڵەتی سەرپێچی لە دەرەوەی بنکەکان تۆمار بکەن، کە پەیوەست بوون بە بانگەشە و فشارخستنە سەر دەنگدەران.
هەروا ڕایگەیاند، یەکەمجارە بەشێوەیەکی خێرا و بێ کێشە توانراوە لە چوارچێوەی پلانی ئەمنیی سەرجەم ئامێر و پێداویستییە لۆجستی و تایبەتەکانی بنکەکانی دەنگدان بگوازنەوە کۆگاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکان.
