کادرێکی یەکێتی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕفێندرا
مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کادرێکیان بە ناوی ئامانج عەبدوڵڵا، لە شەوی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزێکەوە کە خۆیان بە "ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" ناساندووە، ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە لەلایەن یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە دەرچووە، ئامانج عەبدوڵڵا، کاتژمێر 12:20 خولەکی شەوی ڕابردوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، ڕفێندراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە ڕفاندنەکە "بەبێ بڕیاری دادوەر" ئەنجام دراوە.
یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە بەرپرسیار زانیوە لە سەلامەتی گیانی کادرەکەیان. داوایان کردووە "بە زووترین کات" چارەنووسی ئامانج عەبدوڵڵا ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت.
هەروەها هۆشدارییان داوە کە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، "هەموو ڕێکارێکی مەدەنی و ئەوەی پێویست بێت" دەیگرنەبەر.
