ئیسرائیل خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای سزای لەسێدارەدان و داخستنی میدیا بیانییەکان پەسەند کرد

پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دوو پرۆژەیاسا پەسەند کرد، یەکێکیان بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەی بە "تیرۆریست" ناودەبرێن و ئەوی دیکەیان بۆ پێدانی دەسەڵات بە حکومەت بۆ داخستنی هەمیشەیی دەزگاکانی میدیای بیانی بەبێ بڕیاری دادگا.

پرۆژەیاسای سزای لەسێدارەدان، کە لەلایەن پارتەکەی سەر بە ئیتمار بن غەفیری، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی توندڕەوەوە پێشنیاز کراوە، بە 39 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 16 دەنگی نەخێر پەسەند کرا. ئەم یاسایە بەتایبەتی ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کوشتن بە پاڵنەری "ڕەگەزپەرستی یان ڕق" دژی ئیسرائیلییەکان سزا دراون؛ هاوکات ئەمەش وا لێک دەدرێتەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی دژی فەڵەستینییەکان بەکاربهێنرێت. دەسەڵاتی فەڵەستینی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی ئەم پرۆژەیاسایە کردووە.

هاوکات ئەم یاسایە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ئەو سزایە بەسەر کەسێکدا جێبەجێ ناکرێت کە جوویەکی ئیسرائیلی بێت، چونکە ئاراستەی ئەو کەسانە کراوە کە دەیانەوێت زیان بە گەل و دەوڵەت و نەتەوەی جوو بگەیەنن.

ئیتمار بن غەفیری، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەم یاسایە تێدەپەڕێت سەرجەم تیرۆریستان لە سێدارە دەدرێن.

هەروەها، کنێست بە 50 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 41 دەنگی نەخێر، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند کرد کە ڕێگە بە داخستنی هەمیشەیی دەزگاکانی میدیای بیانی دەدات. ئەم هەنگاوە ئامانجی ئەوەیە ئەو فەرمانە کاتییەی کە لە ئایاری 2024 بۆ داخستنی کەناڵی جەزیرەی قەتەری بەکارهێنرا، بکاتە یاسایەکی هەمیشەیی و دەسەڵاتی زیاتر دەداتە حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی میدیاکان بەبێ چاودێری دادوەری.

هەر دوو پرۆژەیاساکە پێویستیان بە دوو خوێندنەوەی دیکە هەیە پێش ئەوەی ببنە یاسای کارپێکراو. ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە سزای لەسێدارەدان لە مێژووی ئیسرائیلدا زۆر بە دەگمەن بەکارهاتووە و دواین جار لە ساڵی 1962 بووە بۆ تاوانباری جەنگی نازی، ئەدۆڵف ئایخمان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment