ئەمەریکا سزای نوێ بە سەر تۆڕێکی پشتیوانی بەرنامەی مووشەکی و درۆنی ئێران سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بە تۆمەتی پشتیوانی کردنی ئێران لە پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمی تۆڕێکی فراوانی خستە لیستی سزاکان.

چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC)ی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سزای بەسەر 32 کەس و دامەزراوەدا سەپاند کە تۆڕێکی فراوانیان بۆ پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بە ڕێوە بردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینە، ئەم کەس و دامەزراوانە لە وڵاتانی ئێران، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، تورکیا، چین، هۆنگ کۆنگ، هیندستان، ئەڵمانیا و ئۆکرانیاوە کاردەکەن.

جۆن هێرلی، یاریدەدەری وەزیری گەنجینە بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، ڕایگەیاند: ئێران لە سەرانسەری جیهاندا سیستەمە داراییەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە، دابینکردنی پێداویستی بۆ بەرنامە ئەتۆمی و چەکەکانی و پشتیوانیکردنی لە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەکاردەهێنێت.

ئەم سزایانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ پەکخستنی تواناکانی ئێران لە بواری پەرەپێدانی چەک و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی بە سیستەمی دارایی جیهانی؛ هاوکات ئامانجی پەکخستنی پرۆسەی کڕینی پێکهاتە سەرەکییەکانە، وەک سووتەمەنی مووشەک و ڕێگریکردنە لەو لایەنانەی یارمەتی ئێران دەدەن لە دەست گەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا.

پێشتر جۆن هێرلی بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندبوو،کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا، سەرباری گەمارۆ ئابوورییەکان، نزیکەی یەک ملیار دۆلاری بۆ حزبوڵڵای لوبنانی ناردووە.

جێگری وەزارەتی دارایی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و تاوانە داراییەکان ئاماژەشی دابوو، کلیلی چەکداماڵینی حزبوڵڵا، ڕێگرییە لە گەیشتنی یارمەتییە داراییەکانی ئێران و دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆیی مەدەنی لە لوبنان.

هێرلی، لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت: ئێران، پاش شکستهێنانی دانوستانەکان لەبارەی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و بەرنامە مووشەکییەکانی و سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵ دەدات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ چین، ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەنێویاندا ئیمارات، بەهێز بکات.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment